محەمەد ئاڵتان: ئاكەپە رووبەرووی قەیرانی گەورەتر دەبێتەوە

لهندهن- KDP.info/ پرۆفسۆر و نووسەری تورك محەمەد ئاڵتان لە بارەی رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیا رایگەیاند كە ئەو رووداوانە بەتایبەتی دەستلەكار كێشانەوەی پەرلەمانتاری ئاكەپە لە پارتەكەی و ئۆپەراسیۆنی گەندەڵی و بەرتیل نیشانەی روودانی قەیرانی زۆر گەورەیە لە نێو ئاكەپەدا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی پرێس تورك بڵاویكردەوە كە محەمەد ئاڵتان لە میانی گوتارێك لە بەشی كاروباری توركیای ناوەندی رێكخراوە مەدەنییەكانی بەریتانیا لە لەندەن باسی لە دەستلەكار كێشانەوەی پەرلەمانتاری ئاكەپە هاكان شوكور لە ئاكەپە و ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵی كردووە.
محەمەد ئاڵتان راگەیاندووە كە هۆكاری سەرەكی دەستلەكار كێشانەوەی هاكان شوكور لە ئاكەپە، ناكۆكی نێوان ئاكەپە و جەماعەتی فەتحوڵلا گولەنە، سیاسەتەكانی ئاكەپە بەرامبەر ئەو جەماعەتە وای كردووە كە پەرلەمانتارەكانی ئاكەپە بەتایبەتی ئەوانەی نزیكی جەماعەتن وردە وردە لەو پارتە دووربكەونەوە.
بۆیە ئەگەر ئاكەپە بەردەوام بێت لە سەر ئەو سیاسەتە چاوەڕوان دەكرێتكە چەند 10 تا 20 پەرلەمانتاری دیكە دەست لەكار كێشانەوەی خۆیان لە ئاكەپە رابگەینن.
ئاڵتان لە بارەی ئۆپەراسیۆنی دژی گەندەڵیشەوە گوتوویەتی: ئەو ئۆپەراسیۆنە جۆرێكه له وەڵامی گروپ بۆ ئاكەپە، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە ناكۆكییەكانی نێوان گروپ و ئاكەپە چوونە قۆناغێكی مەترسیدارەوە و پێدەچێت لە رۆژانی داهاتوودا ئاكەپە رووبەرووی قەیرانی گەورەتر ببێتەوە.




