نەرویج: بڕیاریمان داوە له ساڵی داهاتوو كۆمەكی زیاتر ببەخشێتە ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان

ههولێر- KDP.info/ ئێوارەی دوێنێ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە ئیگڵ سۆرساس هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی نەرویج لە عیراق كە لە عەمانی پایتەختی شانشینی ئەردەنەوە بەڕێوە دەبردرێت.
لە دیدارێكدا سۆرساس پرسە و سەرەخۆشی حكومەتی نەرویجی گەیاندە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كردەوە تیرۆریستیەكەی رۆژی 2013/9/29ی بەردەم بارەگای ئاسایشی گشتی و ئاماژەی بەوەشدا ئەو كارە هیچ كاریگەری بەسەر رەوشی هەرێمی كوردستاندا نابێت ولە هەموو شوێنێكی جیهان روودەدات .
هاوكات پیرۆزبایی لە گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەسەركەوتنێكی گەورەی بۆ هەرێم لەقەڵەمدا.
لەلای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت سوپاسی هاوخەمی حكومەتی نەرویژی كرد و ئاماژەی بەوەشدا ئەو رووداوە لە ئەنجامی كاریگەری نا سەقامگیری ناوچەكە بوو.
لە لایەكی دیكەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی بە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و نەرویج كرد و تیشكی خستەسەر دانانی بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ ساڵی نوێ بۆ هاوكاری و هەماهەنگی كە لەبەرژەوەندی هەردوولا بن ، هەروها جەختی لەسەر هەبوونی سەردانی هاوبەش لە ئاستی جیاجیادا كردەوە .
هەر لەم دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە كورتەیەكی لەبارەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم پێشكەشكرد وبیرو ڕا لەبارەی بارودۆخی هەنووكەیی سوریا ئاڵوگۆڕكرا .
هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی نەرویج لە عیراق دووپاتیكردەوە حكومەتی وڵاتەكەی بڕیاری داوە بە هاتنی ساڵی داهاتوو كۆمەكی زیاتر ببەخشێتە ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و سوپاسی حكومەتی هەرێمیشی كرد بۆ ئەو ئاسانكاریانەی لەمبارەیەوە پێشكەشیانی دەكەن .




