ئێوارەی ئەمڕۆ ئەحمەد جەربا گەیشتە ھەرێم و بڕیاریشه سبەی لە گەڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد کۆبێتەوە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئێوارە ئەمڕۆ سەرۆکی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا گەیشتە ھەرێمی کوردستان و بڕیاریشه سبەی لە گەڵ ئەنجوومەنی نشتیمانی کورد لە سوریا کۆبێتەوە.
لەمبارەیەوە مستەفا جومعە سکرتێری پارتی ئازادی کورد لەسوریا بەkdp.infoراگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەحمەد جەربا گەیشتە ھەولێر و لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر پێشوازیان لەناوبراو کرد و بڕیاریشه سبەی لە گەڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا کۆبێتەوە و تێدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێک بکرێت، لەوانەش ھەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی مافەکانی کورد و بەشداریکردنیان لە کۆنگرەی جنێف دوو و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە سوریا.
مستەفا جومعە گوتیشی: سەردانی ئەحمەد جەربا بۆ ھەرێمی کوردستان لەسەر بانگھێشتی فەرمی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە.
جومعە رونیشیکردەوە، جەربا تەنھا لە گەڵ ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد کۆدەبێتەوە، چونکە پەیوەندیان لە گەڵ پەیەدە نییە.
نابراو ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی سەرۆکی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ ھەرێمی کوردستان ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.




