ئەشواق جاف: ئەوانەی لەگەمارۆی ئابووری بەعس گیانیان لەدەستدا شەهیدی نانن
بەغدا-KDP.info/ دوای سێجار دواكەوتن ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای دامەزراوەی شەهیدان كرد و نوێنەرێكی كوریش رایگەیاند: پێشمەرگە و شەهیدانی نانی تێدا نییە ئەمە جگە لەچەندین پێشێلكاری دیكە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی، ئەشواق جاف، بە KDP.infoی راگەیاند : رۆژی 17ی كانوونی یەكەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای سێ جار دواكەوتن، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای دامەزراوەی شەهیدان كرد، كەناوی پێشمەرگەی تێدا نییە و ئەو كەسانەشی بەهۆی گەمارۆیی ئابووری بەعسەوە گیانیان لەدەستدا بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیانیان.
ئەوەشی گوت، لەپێناسەی شەهیددا زۆر لایەنی دیكەی تێدا هەژمار كراوە كە شەهیدن بەنموونە ئەو عێراقیانەی لەزینداندا مردوون یا لەئەشكەنجەدا گیانی لەدەست دابێ، گۆڕە بەكۆمەڵەكان، یا بەچەكی كیمیایی، یا ئەوانەی دژی بەعس جەنگاون و گیانیان لەدەستداوە.
ئەو ئەندامە كوردەی لیژنەی مافی مرۆڤ گوتی، لەو پرۆژە یاسایەدا ناوی پێشمەرگەی تێدا نەبوو، شەهیدی نانی تێدا نەبوو، بەتایبەت ئەوانەی لەناوچەی كفری كاتێك رژێمی بەعس گەمارۆی ئابووری خستە سەر هەرێمی كوردستان، خواردنی بۆ نەدەنارد و سووتەمەنیشی لێ بڕین، خەڵكی بۆ پەیدا كردنی خۆراك و سووتەمەنی پەنای بۆ سنوورەكان برد، بەشێوەی دەبە سووتەمەنیان دەهێنا و هاوڵاتی هەبووە لەو رێیەدا كوژراوە یا لەبازگەكان حكوومەتی بەعس كوشتوونی.
زیاتر گوتی، ئەوانەی بەهۆی گەمارۆیی ئابووری بەعسەوە شەهید بوون، پێیان دەڵێم "شەهیدانی نان" تائێستا هیچ حسابێكی شەهیدیان بۆ نەكراوە و هیچ مووشەیەكی شەهیدانەشیان نییە، لەكاتێكدا ئەوانە بەدەستی سەربازانی بەعس كوژراون، خانەوادەكانیان تائێستا زانان چی بكەن، بۆیە پێشنیارم كردووە شەهیدانی نان پێناسەی شەهیدان بیانگرێتەوە.
رەخنەی زیاتری گرت و گوتی، لەماددەی چواری یاساكەدا هاتووە كە "ئەم یاسایە سەرجەم ئەو شەهیدانە دەگرێتەوە لەنێوان 17/7/1968 تا 8/4/2003 دەیانگرێتەوە" پێشنیارم كردووە كە ئەمە لابرێ چونكە پێشێلكارییە بەرامبەر بەمافی ئەو شەهیدانەی 1961 شەهید بوون، ئەو شەهیدانەشی لەساتەكانی كۆتایی رژێمی بەعس گیانیان لەدەستدا، بەتایبەت لەشاری كەركوك پێش رووخانی بەعس ژمارەیەك گەنجیان شەهید كرد.
پتر گوتی، لەبارەی وەستانی خانەنشینی بۆ منداڵ یا كەسی پلە یەكی شەهید كاتێك تەمەنی ئەو كەسە گەیشتە 18 ساڵی ئەگەر كوڕ بوون، پێشنیارم كردووە كەئەو بڕگەیە لاببرێ، چونكە پێشێلكارییە بەو هۆیەی ئەگەری زۆرە لەدوای تەمەنی 18 ساڵی ئەو كەسە قوتابی بێ بۆیە ناكرێ مووچەی خانەنشینی شەهیدانەی لێببری تا دادەمەزرێ یا كارێكی بۆ دەدۆزنەوە.
رونیشیكردەوە، یاساكە باس لەوە دەكات ئەگەر خێزانێك دوو شەهیدی هەیە ئەوا یەكێكیان لەسەدا سەد مافی شەهیدانە وەردەگرێ و ئەوی دیكەشیان نیوەی شەهیدێك ماف وەردەگرێ ئەوە پێشێلكارییە و داوامكردووە كەهەردووكیان وەك یەك مافیان پێبدرێ چونكە هەردووكیان گیانیان لەدەستداوە لەسەر دەستی رژێمی بەعس.
پرۆژە یاسای دامەزراوەی شەهیدان لەلایەن لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانە سیاسیەكانەوە ئامادە كراوە، هەموو پێشنیارەكانی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لێكۆلینەوەی لەبارەوە دەكرێ و هەوڵ هەیە بەزووترین كات پەسەند بكرێ لەلایەن پەرلەمانەوە.




