شەش زیندانیی سیاسیی كورد لە ئێران بەردەوام دەبن لە مانگرتنەكەیان

كەرەج - KDP.info/ شەش زیندانیی سیاسیی كورد لە زیندانی قزڵحیساری شاری كەرەج 44 رۆژە مانیان گرتووە لە خواردن و رادەگەیەنن كە بەردەوام دەبن لە مانگرتنەكەیان.
شەش زیندانیی سیاسیی كورد: (جەمشید و جەهانگیر دێهقانی، حامید ئەحمەدی، سەدیق محەمەدی، كەماڵ مەولایی و سەیدهادیی حوسەینی) دەستیان كردووە بە مانگرتن لە خواردن و ئێستا باری تەندرووستیان بەرەو مەترسی دەچێت و دادوەر (نەسیری پور)یش هەڕەشەی لێكردوون كە ئەگەر بەردەوام بن بڕیاری لە سێدارەدانیان زووتر لە كاتی دیاریكراو جێبەجێ دەكرێت. لە بەرانبەردا ئەو شەش زیندانییە وڵامیان داوەتەوە كە: ”بڕیارەكەتانمان قبووڵ نیە. چون بێ بنەما و ستەمكارانەیە. هەربۆیە دەبێ بڕیاڕەكە هەڵبووشێتەوە و بمانگەڕێننەوە بۆ زیندانی گەوهەردەشت و ئەگینا بەردەوام دەبین لە مانگرتنەكەمان.
ئەم زیندانییانە دوای ئەوەی لە لایەن حكومەتەوە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و رێگەشیان پێ نەدراوە پارێزەر بۆ خۆیان دەستیشان بكەن لەبەرانبەردا وەك ناڕەزایەتی دەبڕین مانیان گرتووە لە خواردن. هەفتەی رابردوو رێكخراوی لیبوردنی نێودەوڵەتی بە دەركردنی بەیاننامەیەك داوای كرد هەنگاوی بەپەلە هەڵبگێرێت بۆ رزگاربوونی گیانی ئەو شەش زیندانیە.
پێویستە بوترێ دوای هەڵبژاردەكانی مانگی حوزێرانی رابردوو كە بووە هۆی هاتنە سەر حەسەن روحانی بۆ دەسەڵات، رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران زیادی كردووە كە ژماریەكی بەرچاویان زیندانیی سیاسی بوون.




