تانەر یڵدز: پێشنیارەكانی حوسێن شەهرستانی بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان باشن

باكو-KDP.info/ وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز لە بارەی پێشنیارەكانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و چۆنێتی كۆكردنەوەی داهاتی ئەو نەوتە رایگەیاند ئەو پێشنیارانە پێشنیاری باش و ئیجابین
تانەر یڵدز گوتی: پێشنیارەكانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتە لە رێگای توركیاوە بۆ بازارەكانی جیهان پێشنیاری باشن. وەزیری نەوتی عێراق حوسێن شەهرستانی لە بارەی داهاتی ئەو نەوتەی كە لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی بازارەكانی جیهان دەكرێت، پێشنیاری ئەوەی كردووە ئەو داهاتە لە بانكی گەشەپێدانی عێراق لە نیویۆرك كۆبكرێتەوە. ئەگەر ئەو پێشنیارە قەبوڵ بكرێت، ئەوا عێراق هیچ لارییەكی لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان نییە.
یڵدز جەختی لەوە كردەوە توركیا بە گەرمی پێشوازی لەو پێشنیارەی شەهرستانی دەكات، چونكە پێشنیارێكی باشە و سودی بۆ هەموو لایەك دەبێت.
یڵدز لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: هەناردە كردنی نەوتی باكوور یا باشووری عێراق لە رێگای توركیاوە بۆ بازارەكانی جیهان كارێكی راست و باشە، پێشنیارەكانی حوسێن شەهرستانی لەو بارەیەوە زۆر باشن.
ئەو نەوتە نەوتی توركیا نییە هی عێراقە، بۆیە ئیمزاكردنی پەیمانێك بۆ جێبەجێكردنی سێ مەرجەكەی بەغدا هەنگاوێكی گرنگ و باشە، ئیمە نامانەوێت لە گەڵ عێراقی دەراوسێ خۆمان نەبوون دابەش بكەین، بەڵكو دەمانەوێت هەبوون لە نێوان یەكتردا دابەش بكەین.




