ئیبراھیم برۆ : سەرۆک بارزانی ھیواخوازە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوا بگەنە رێککەوتنێک

ههولێر- تایبەت بەKDP.info/ سکرتێری پارتی یەکێتی کورد لەسوریا ئاشکرایکرد، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پشتگیری لە دانوستانەکانی نێوان ئێمە و پەیەدە دەکات و ھیواخوازە تاوەکو نەگەنە رێککەوتن ھەولێر بەجێ نەھێڵن.
ئیبراھیم برۆ سکرتێری پارتی یەکێتی کورد لە سوریا بەkdp.infoراگەیاند: کۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ ھەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان پەیەدە وەک سەرتایەک بوو بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لە نێوان ھەردوو ئەنجوومەن و ئەمڕۆش دەستیان بەکۆبوونەوەکان کردوە و تاوەکو ئێوارەش بەردەوام دەبێت.
ئیبراھیم برۆ گوتیشی: ئەو کۆبوونەوانە چەند رۆژێک دەخایەنێت، چونکە چەندین پرس ھەیە گفتوگۆی لەسەر دەکەن، لەوانە رێککەوتنامەی ھەولێر و بەشداریکردنی کورد لە کۆنگرەی جنێف دوو و پرسی گیراوەکانی ئەوان و پرسی سنور و چەندین پرسی دیکە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
برۆ راشیگەیاند: لەو کۆبوونەوانە ھەریەکە لە عوسمان بایدەمیر و لەیلا زاناش بەشدارن و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەھەموو شێوەیەک ھاوکاری ئێمەیە بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێک.
ناوبراو رونیشیکردەوە، سەرۆک بارزانی ھیواخوازە پێش ئەوەی لەھەولێر دەربچین کێشەکانی نێوان ھەردوو ئەنجوومەن چارەسەربێت و بگەنە رێککەوتنێک کە لە بەرژوەندی ھەموو کوردانی رۆژئاوادا بێت.
لەلایەن خۆشییەوە جەعفەر حەنان نوێنەری ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان پەیەدە بەkdp.infoراگەیاند: لە کۆبوونەوەی دوێنێ کە کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی بوو بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان و باس لە کێشەکانی نێوان لایەنەکان کرا و سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر لایەنەکانی رۆژئاوا بتوانن بگەنە رێککەوتنێک پشتگیریان لێدەکات.
جەعفەر حەنان وتیشی: لەو کۆوونەوەیە ھیچ بڕیارێک نەدرا و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و ھیوادارین بگەینە رێککەوتنێک.




