زیباری گوتی: رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی بەنیازن لەساڵی 2014 دا (2700 ) تۆن رەوانەی سوریا

ههولێر- تایبهت به KDP.info/لەچوارچێوەی ئەو رێكکەوتنەی كە لە رۆژی سێ شەممەی رابڕدوو لە شاری جنێفی سویسرا لە نێوان حكوومەتی عیراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی سوریا بەسەرپەرشتی لایەنە نێودەوڵەتییەكان ئیمزاكرا، دوێنی یەكەمین كاروانی هاوكاری مرۆیی بە رێگای فڕۆكەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان گەیێنرا شاری قامشلۆی سوریا.
لەم بارەیەوە د.دیندار زێباری جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی لە لێداونێكی رۆژنامەنووانیدا راگەیاند: هەلوێستی سەركردایەتی سیاسی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرتاوە روون و ئاشكرابووە بەرامبەر بە گەلی سوریا كە بە هەموو شێوەیەكی پشتگیری لێی كردووە و ئامادەییشی دەربڕێوە بۆ پێشكەش كردنی هەر هاوكاریەكی پێویست و ئەمڕۆش هەر لە چوار چێوەی ئەو هەلوێست و هەوڵانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە یەكەم گەشتی هاوكاری مرۆیی لە هەولێرەوە بۆ شاری قامشلۆ بەرێكەوت و پێكهاتووە لە (39) تۆن لە كەل و پەلی خوارك و جل و بەرگ و پێداویستی زستانە و بڕیارە تاكۆتایی ئەم ساڵ (700 ) تۆنی تر لەم جۆرە هاوكاریانە رەوانەی شاری قامشلۆ بكرێت كە (400) تۆن لەلایەن رێكخراوی خۆاركی جیهانی (WFP) و (300 ) تۆنیش لەلایەن رێكخراوی (UNHCR) وە، كۆكراینەوە و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە رەوانە دەكرێن.
هەروەها زیباری گوتی: رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی بەنیازن لەساڵی 2014 دا (2700 ) تۆن رەوانەی سوریا بكەن و هەموو كۆمەكی هاوكاری مرۆیی دەگاتە (3000) تۆن.
شاری قامشلۆ كە دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا و زۆرینەی دانیشتوانی ئەم شارە كوردن و تارادەیەكی بەرچاو ئارامە و بۆ ئەوەی ئەم هاوكاریانە نەكەوێتە دەستی گروپە توندرەوەكان و بەشێوەیەكی رێكوپێك بگاتە خەڵكی لێقەوماو، لایەنە نێودەوڵەتەییەكان بڕیاریاندا بەگەیاندنی هاوكاری مرۆیی نێودەوڵەتی بەرێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ ئەم شارە مەبەستی هاوكاریكردنی نزیكەی سێ ملیون كەس لە باكووری سوریا كە زۆرینەیان كوردن و لەبەر كەمی كەلوپەلی خواردن و سوتەمەنی و پێداویستی رۆژانە دەناڵن سەرەرای نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەكی لەم ناوچانە.




