سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن دەكات

پێشنیوەڕۆی دووشەممە 16ـی 12ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە "نابۆ كیشی" جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا و، وێڕای ئاماژەپێدان بەوەی كە سەردانی ئەو بۆ كوردستان یەكەم سەردانە كە بەرپرسێكی باڵای سیاسیی ژاپۆن بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات باسی ئەوەی كرد كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەشە پێبدات. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هەڵوێستی وڵاتەكەی لەمەڕ كێشە و قەیرانەكانی ناوچەكە بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە و ڕایگەیاند كە ژاپۆن لەگەڵ قووڵبوونەوەی ئاشتییە لە جیهاندا. جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن زۆر سوپاسی حكوومەت و گەلی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هەوڵەكانیان بۆ پێشكەوتن و ئاوەدانیی كوردستان و دژایەتیكردنی تیرۆر و هەروەها حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەری سووریا و بەڵێنی وڵاتەكەیشی لەمەڕ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا كە لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن، بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندەكەی وەزارەتی دەروەی ژاپۆنی كرد و ڕۆڵ و پێگەی وڵاتی ژاپۆنی لە ئابووریی و سیاسەتی جیهاندا بەبەرز نرخاند و ئەوەشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان ڕێزی تایبەتی بۆ وڵات و گەلی ژاپۆن هەیە. هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە ئاشتی ئامانجێكی پیرۆز و باڵایە و ئەو گەلانەی بەدەست شەڕەوە ئازاریان بینیوە زیاتر لە خەڵكی دی لە بەهای ئاشتی دەگەن. پەیوەست بە یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا سەرۆك بارزانی گوتی: " یارمەتیدانی ئاوارەكان كارێكی زۆر باشە و جێگەی دەستخۆشییە بەڵام چارەسەری یەكجارەكیی كێشەكانیان ناكات. پێویستە لایەنەكانی سووریا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆتایی بە قەیرانی سووریا بهێنن و ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ژیانی خۆیان و كۆتایی بە گرفتەكانیان بێت".
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و شاندە یاوەرەكەیدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و قەیرانی سووریا و هەروەها كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ژێنێڤ 2 خرانە بەر باس و هەردوولا ڕاوبۆچوونی خۆیان لەبارەیەوە ئاڵوگۆڕ كرد




