ژاپۆن کۆمەکی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی سوریا لە هەرێمی کوردستان دەنێرێت

ههولێر-KDP.info/ ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و نۆبۆ کیشی جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق و شاندێکی یاوەریان ، لە هۆڵی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئەو کۆمەک و یارمەتیانەی حکوومەتی ژاپۆن بۆ ئاوارەکانی سوریا تەرخان کراوە رادەستی رێکخراویIOM ی نێودەوڵەتی کرد.
لە لێدوانێکیشدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن جێگری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن خۆشحاڵی خۆی بە پێشکەشکردنی ئەو یارمەتیە مرۆییانە نیشاندا بۆ ئاوارەکانی سوریا لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان کە بریتیە لە 800 خیوەت و10 هەزار کۆنتێنەری ئاو وەکو بەشێک لەو یارمەتیانەی کە بۆ ئاوارەکانی سوریا لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە کە بریتیە لە 10 ملیۆن دۆلار و لەرۆژانی داهاتوودا لەرێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەگەنە هەرێمی کوردستان، دووپاتیشیکردەوە حکوومەتی ژاپۆن 280 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سوریا تەرخانکردووە لە ناوچەکەدا.
هاوکات نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ حکوومەتی ژاپۆن نیشانیدا ئەم وڵاتە بە یەکێک لە بەخشەرە گەورەکانی جیهان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانی سوریا هەژمار دەکرێت و ئەمڕۆش ئەو هاوکاریە راستەوخۆیانەی کە هێناوە بۆ ئاوارەکانی سوریا لە هەرێمی کوردستان رادەستی رێکخراویIOM کرا بۆ ئەوەی یارمەتی ژێرخانی ئەم کامپانە بدات و بە سوپاسەوە لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت ئەم یارمەتیانە دەدرێتە ئاوارەکان.
هەروەها فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا حکومەتی هەرێم هەمیشە جەخت لەسەر یارمەتی و کۆمەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەکانی سوریا لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و نیشانیدا ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێمدا هەبووە بۆ ئەم ئاوارانە درێغی نەکردوە بەڵام بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەیان هەرێم پێویستی بە کۆمەک و یارمەتی زیاتری نێودەوڵەتی دەبێت.
هاوکات سوپاسی حکمەتی ژاپۆنی کرد بۆ ئەم هەڵوێستە و هیوای خواست وڵاتانی دیکەش ئەم رۆڵە مرۆییە ببینن




