مێتحەت سەنجار: رووداوەكانی گەڤەر پێشتر بەرنامەیان بۆ دارێژرابوو

ئیستەنبۆل- KDP.info/ دوای تێپەڕبوونی یەك هەفتە لە سەر رووداوەكانی گەڤەر و كوژرانی سێ خۆپیشاندەر لەو شارەدا، راگەینرا كە دەستی جەماعەتی گولەن لەو رووداوانەدا هەبووە.
لەو بارەیەوە ماڵپەڕی ئیلكەخەبەر بڵاویكردەوە كە نووسەر و ئاكادەمیسیەنی توركیا پرۆفسۆر مێتحەت سەنجار رایگەیاندووە، تەقە كردنی لە خۆپیشاندەرە مەدەنییەكانی شاری گەڤەر بە مەبەستی نانەوەی ئاژاوە و تێكدانی قۆناغی چارەسەری بووە.
مێتحەت سەنجار ئاماژەی بەوە كردووە كە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی كەجەكە، هەوڵدانەكانی هەفتی شوبات و دواجار ناكۆكییەكانی نێوان پارتی داد و گەشە پێدان و جەماعەتی فەتحوڵلا گولەن زەمینە خۆشكەر بوونە بۆ رووداوەكانی گەڤەر و ئەوانەی كە لە نێو هێزەكانی ئاسایشدا تەقەیان لە خۆپیشاندەرە مەدەنییەكان كردووە سەر بە باڵی سەربازی جەماعەتی گولەنن.
سەنجار جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە جەماعەتی گولەن لە نێو ئاسایش و هێزە ئەمنییەكاندا خاوەن پێگایەكی بەهێزن و ئەو كەسانە كە لە گەڤەر تەقەیان لە خۆپیشاندەرە مەدەنییەكان كردووە و سێ كەسیان كوشتووە سەر بە جەماعەتن و ئامانجیان لەو تەقە كردنە ناوەی ئاژاوە و تێكدانی قۆناغی چارەسەرییە.




