٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامینە زکری: دەمانەوێ ئافرەت بەشداریەکی کارای ھەبێت لە بڕیاردان وبەرێوەبردن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد،گروپێکی فشارمان دروستکردووە، بۆئەوەی ئافرەت لەکابینەی ھەشتەم بەشداریەکی کارایی پێبکرێت لە بەرێوەبردن وبڕیارداندا.

ئامینە زکری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: ئێمە گروپێکی فشارمان دروستکردووە کە لەنوێنەری ھەموو حزبەکان پێکھاتووە و سەردانی تەواو حزبە سیاسیدەکان ده‌کەین و یاداشتێکی ھەشت خالیمان ئامادەکردووە بۆ بەشداری پێکردنی ئافرەت لە کابینەی ھەشتەم کە رۆڵێکی کارای ھەبێت و لایەنەکان کاندیدی ژنیان ھەبێت و لە دانوستانەکانی پێکھێنانی حکوومەت و ھەموو دانوستانە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم ئافرەت بەشدار بێت .

ئامینە زکری گوتیشی: ئێمە ئامارێکمان پێشکەش کردووە کە لەناو ھەموو دەزگا حکوومییەکان رێژەی ئافرەتان زۆر کەمە لە پلە تایبەتەکان  وەک راوێژکارو سەرۆک زانکۆکان و بەرێوبەری ناحیە و قایمقامی قەزاکان و پارێزگار وجێگری پارێزگارو بەرێوبەرە گشتییەکان تەنانەت سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەتیش.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەروو، ئێمە یاداشتێکمان ئاراستەی ھەموولایەنە سیاسیەکان کردووە و سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیشمان کردووە و وه‌ڵامی ھەموویان ئیجابی بووە  و بڕیاریشه‌ سەردانی لایەنەکانی ئێمە دەستنیشانمان کردووە بەردەوام بێت و سەردانی نێچیرڤان بارزانیش ده‌کەین کە راسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و داواکارییەکانمان پێشکەشیان دەکەین.

زکری گوتیشی: لەھەندێک شوێن دەتوانین باسی رێژە بکەین، بەڵام لەھەندێک شوێن ناتوانرێ رێژە دیاری بکرێت بۆ نمونە پۆستی پارێزگار یاخود جێگری پارێزگار رێژەی  30%دیاری بکرێت و لەزۆر شوێنی دیکەش وەک بەرێوبەری ناحییە و قایمقامەکان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دەمانەوێ ئافرەت بەشدارییەکی کارای ھەبێت لە بەرێوەبردن و بڕیاردان، لەبەر ئەوەی ئافرەتی کورد گەیشتۆتە ئاستێکی باڵاو نامانەوێ تەنھا بۆ پرکردنەوەی شوێنەکان بێت، بەڵکو ئەو ئافرەتانه‌ دیاری بکرێن کە خاوەن توانا و لێھاتوو و توانیویانە خۆیان پێشبخەن.

ئەم گروپەی فشار پێکھاتوو لە نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆران و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و زەحمەتکێشان و سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و حزبە مەسیحی و تورکمانییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار