تەرمی سەرۆكی پێشووی باشووری ئەفریقا ئەمڕۆ لە گوندەكەی بە خاك دەسپێردرێ

كونو-KDP.info/ ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی كانوونی یەكەم تەرمی سەرۆكی پێشووی باشووری ئەفریقا نلسۆن ماندیلا بۆ بەخاك سپاردنی برایە ئەو گوندێ لە لەدایك ببوو.
دانیشتوانی گوند و بە هەزاران كەسی دیكە بە بەرز كردنەوەی دەست و ئالای باشووری ئەفریقا پێشوازییان لە تەرمی ماندیلا كرد.
هەر چەند زۆربەی رێگاكانی هاتووچۆ لە لایەن هێزە ئاسایشپارێزەكانەوە داخرابوون، بەڵام بەشێكی زۆری گوند بۆ سەردانی خەڵك و هەوادارانی ماندیلا كراوەبوو.
تەرمی ماندیلا بە رێوەڕەسمێكی گەورەی دەوڵەتی لە گۆڕستانی خانەوادەكەیدا بەخاك دەسپێردرێ.
بەرپرسانی باشووری ئەفریقا ئاماژەیان بەوە كرد سەرەڕای ئەندامانی خانەوادە و كاربەدەستانی ئەفریقای باشووری، چەندین میوانی دیكە بەشداری لە رێوەڕەسمی بەخاكسپاردنی ماندیلا دەكەن. بەڵام تەنیا ئەندامانی خانەوادە و چەند كەسێكی دیكەی هەڵبژێردراو بۆیان هەیە تا نێو گۆڕستان لەگەڵ تەرمەكەدا برۆن.




