بزوتنەوەی ئیسلامی: پێویسته حکوومەتی داھاتوو لەسەربنەمای تەوافق پێکبھێت،نەک خاڵبەندی

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی ئاشکرایکرد، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین حکوومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای تەوافق پێکبھێت نەک خاڵبەندی، چونکە ھەموومان داوای حکوومەتێکی بنکە فراوان دهکەین.
شوان قەلادزەیی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەKDP.infoراگەیاند: تاوەکو ئێستا ئێمە ئاگادار نەکراینەوە بۆکۆبوونەوە لە گەڵ شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
شوان قەلادزەیی گوتیشی: شاندی پارتی لە گەڵ سێ لایەن کۆبوونەتەوە و رەنگە لەبەرنامە داھەبێت لە گەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆببنەوە کە ئێمەش یەکێکین لەو لایەنانە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی ئاگادار نەکراینەوە.
قەلادزەیی راشیگەیاند: کات درهنگە و پێویستە پەلە بکرێت لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکنەھاتووەو خەڵک چاوەروانە.
ناوبراو رونیشیکردەوە، ئێمە لە گەڵ ئەوەداین پێکھێنانی حکوومەت لەسەر بنەمای تەوافق بێت نەک خاڵبەندی، لەبەرئەوەی ھەموومان داوادهکەین حکوومەتێکی بنکە فراوان بێت و ناوماڵێکی ئارامان ھەبێت و ھەوڵ بدەین بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرهوەی ھەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا نەک خۆمان بەناو ماڵی خۆمان خەریک بکەین.




