سلێمانی.. لەیلا زانا و عوسمان بایدەمیر لەگەڵ نوێەرانی پەیەدە کۆ دەبنەوە

سلێمانی – KDP.info / وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ھەر یەکە لە لەیلا زانا و عوسمان بایدەمیر لە شاری سلێمانی لەگەڵ نوێەرانی پەیەدە کۆ ببنەوە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ یەککخستنی ھێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ شەممه، 14-12 لەیلا زانا پەرلەمانتاری سەربەخۆی کورد لە پەرلەمانی تورکیا و عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانیی گەورەی دیاربەکر، بەمەبەستی ئاشنابوون بە ھەڵوێستەکانی پەیەدە و ئەنجومەنی گەلی رۆژئاوا سەبارەت بە ناکۆکییان لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدە کۆ دەبنەوە. ھەروەھا پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئەو زانیارییەشی پێدراوە کە ھاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم، لە کۆبوونەوەکانی نێوان ھەردوو ئەنجومەن کە بڕیارە رۆژانی داھاتوو ساز بکرێن، ئامادە نابێ. رۆژی یەکشەممەی داھاتووش ھەریەکە لە سینەم محەمەد و عەبدولسەلام ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی باڵای کورد و ھاوسەرۆکانی ئەنجومەنی گەل لە رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی باڵای کورد دەگەنە ھەرێمی کوردستان.




