٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ

سەرچاوە: KDP.info

جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ لە 10ـی دیسەمبەری 1948 هەنگاوێكی پڕبایەخی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو لەپێناو دانانی چوارچێوەیەك بۆ ناساندن و زامنكردنی مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ كە بەهۆی شەڕ و كاولكاری و دیكتاتۆری پێشێل دەكران. جێگەی داخە پاش شەستوپێنج ساڵ لەو ڕووداوە مێژووییە هێشتا پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكەمان و هەندێ شوێنی دیكەی جیهان بەردەوامە. سەرباری ڕووخانی دیكتاتۆرییەت دۆخی مافەكانی مرۆڤ لەعێراقدا پاشەكشەی كردووە و ئاسوودەیی و ژیانی هاووڵاتیان و مافەكانی ئافرەت و منداڵ لەژێر مەترسیدان. توندوتیژی و توندڕۆیی و دەمارگیریی تاییفی و گەندەڵی هەڕەشەی زۆر گەورەن لەسەر مافەكانی مرۆڤ و كەرامەت و ژیانی هاووڵاتیانی عێراق.

لەم چەند ساڵەی دواییدا لەهەرێمی كوردستاندا هەنگاوی باش بە ئاڕاستەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ڕەچاوكردنی مافە تاكەكەسیی و مەدەنییەكانی خەڵك نراوە بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە و هەندێجار پێشێلكاریی دەبینرێت بۆیە پێویستە ڕەچاوكردنی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتری پێ بدرێت. گەلەكەمان خۆی گەورەترین قوربانیی پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ بووە بۆیەشە پێویستە مافەكانی مرۆڤ ببێتە ئامانجی سەرەكیی گشت چالاكییە حكوومی و مەدەنییەكانی وڵاتەكەمان و لەژیانی گشتی و تاكەكەسی و خێزانیشدا ڕەنگ بداتەوە.

لەپێناو ڕێگەگرتن لە پێشێلبوونی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستاندا دەبێ كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان بە چاوكراویی و هەست بەبەرپرسیارێتیی زیاتر كار بكەن. بەو هیوایەی كاركردن بە بەها و مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتەكەماندا لەهەموو كایەكاندا بچەسپێت و ببێتە فەرهەنگێكی ڕەگداكوتاو.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
10ـی 12ـی 2013

هەواڵی پەیوەندیدار