٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەلاح مستەفا لەگەڵ كاردیناڵ كۆكۆ پاڵمێری نوێنەری پاپای ڤاتیكان كۆبووەوە

سەرچاوە: KDP.info
ئیتالیا-  KDP.info/  لە درێژەی سەردانەكیان بۆ ئیتاڵیا، لەلایەن كاردیناڵ كۆكۆ پاڵمێری نوێنەری پاپای ڤاتیكان پێشوازی لە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و خاتوو رێزان حەمە ساڵح  نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا و خاتوو سوهام مامەند یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەو سلیم ئیبراهیم راوێژكار و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەران كرد.
 
سەرەتا كاردیناڵ كۆكۆ پاڵمێری بەرپرسی پەیوەندیەكان و شاندی یاوەری بەگەرمی بەخێرهێنا بۆ ڤاتیكان و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیدارەكە و گووتی دیالۆگ یەكێكە لە بنەماكانی لێكتێگەیشتن  و پاپای ڤاتیكان هەردەم دیالۆگی كردۆتە بنەمای لێكتێگەیشتن لە نێوان ئایینەكان بەتایبەتی ئایینی ئیسلام. هاوكات ئاماژەی بە پەیوەندیە بەهێزەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان كرد و گووتی چەندین جار سەرۆكی هەرێم سەردانی ڤاتیكانی كردوە و لەگەڵ پاپا كۆبۆتەوە.
 
پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سوپاسی ناوبراوی كرد بۆ ئەو دەرفەتەو كۆبوونەوە لەگەڵیان و ڕێزوسڵاوی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و گەلی كوردستانی بە بەڕێزیان و لە رێی ناوبراویش گەیاندە پاپای ڤاتیكان. هاوكات سوپاسی ڤاتیكانی كرد بۆ پشتگیری و هاوكاری بەردەوامیان لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا و ئومێدی بەردەوام بوونی ئەو هەماهەنگی و هاوكاریەیان خواست. هەروەها گووتی سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێم هەردەم گرنگی بە پەیوەندیەكانی دەدات لەگەڵ ڤاتیكان و ئەو سەردانەش بۆ ئاڵوگۆركردنی بیرو رایە لەسەر چۆنیەتی زیاتر بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەكان. 
 
دواتر بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستە سەر رەوشی هەرێمی كوردستان و پرەنسیپەكانی ئازادی ئایینی و كەلتوری لێبوردەیی و پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئاینەكان و ئەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێم هاویشتوویەتی بۆ قوڵكردنەوە و بەهێزكردنی ئەو پرەنسیپانە لە ناو گۆمەڵگای كوردستان و پێدانی رۆڵی شیاو و شایستە بە تەواوی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە دام و دەزگاكانی هەرێم. هەروەها ئەو پشتگیری و هاوكاریانەی كە حكومەتی هەرێم پێشكەش بە ئاوارەكان كردوە كە روویان لە هەرێم كردوە. هاوكات تیشكی خستە سەر رۆڵی سەركردایەتی كورد بە تایبەتی سەرۆكی هەرێم لە چەسپاندنی مافی ئازادی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە دەستوری عێراقی فیدڕاڵ  و رۆڵی سەركردەی نەمر مستەفا بارزانی لە پشتگیری كردن و بەهێزكردنی پرەنسیپی ئاشتیانە و كەلتوری لێبوردەیی و پێكەوە ژیان. هەروەها گووتی حكومەتی هەرێمی كوردستان جیاوازی ئایینی و نەتەوەكان بە مەترسی نازانێت لە ناوكۆمەڵگای كوردی بەڵكو بەسەرچاوەی بەهێزی و دەوڵەمەندی سەیر دەكات. 
 
لەبەرامبەردا  كاردیناڵ كۆكۆ پاڵمێری سڵاو و ڕێزی پاپای ڤاتیكانی بۆ سەرۆكی هەرێم و گەلی كوردستان نارد و سوپاسی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ هەوڵ و پشتگیریە بەردەوامەكانی لە مەسیحیەكانی هەرێم و عێراق و  گووتی ئێمە پشتگیری لە دامەزراندی پردی پەیوەندی دەكەین لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندیەكانی نێوان لا و هەروەها ڕاگەیاند كە بەردەوام دەبن لە هاوكاری كردن و پشتگیری كردنی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا و هیوای خواست لە ئایندە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
 
لە كۆتاییدا فەلاح مستەفا پۆختەیەكی پێشكەش كرد دەربارەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردستان هاتووە لە رابردوودا وەكو كیمیاباران و ئەنفالكردن و خاپوركردنی گوند و دێهاتەكان و سیاسەتی قڕكردنی گەلی كورد لەلایەن رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و هاوكات باسی لە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان كرد لە بواری سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیری. 
 
شایانی باسە كاردیناڵ كۆكۆ پاڵمێری نوێنەری پاپای ڤاتیكان نیوەڕۆ خوانێكی بۆ پەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و شاندی یاوەری رێكخست.

هەواڵی پەیوەندیدار