هێزەکانی پۆلیسی سەید سادق باندێكی دزیی 3 كەسیان دەستگیركرد

سەید سادق – KDP.info / هێزەکانی پۆلیسی سەید سادق باندێكی دزیی 3 كەسیان دەستگیركرد، کە کاریان تەنیا دزینی ئۆتۆمبێل بووە. دوای ئەوەی لە دوو مانگی رابردوودا لە سنوری قەزای سەید سادق چەند حاڵەتێكی دزینی ئۆتۆمبێل تۆماركران، هێزەكانی پۆلیسی سەید سادق لێكۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە دەستپێكرد، لە ئێستاشدا باندێكی دزیی 3 كەسی دەستگیركراون. لەو بارەیەشەوە موقەدەم حەكیم عەزیز بەرێوەبەری پۆلیسی قەزای سەیدسادق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد: دوو كەس لەو تۆمەتبارانە لە لایەن هێزەكانی بەرێوەبەرێتی ئاسایشی راپەرینەوە لە سنوری چوارقورنە دەستگیر كراون، كەسێكی تریشیان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی سەید سادقەوە دەستگیر كراوە، دوای لێكۆڵینەوەش تۆمەتبارەكان دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە . بەرێوەبەری پۆلیسی قەزای سەیدسادق ئەوەشی خستەروو :کە باندە دزییەکە بە هاوبەشی کاری دزینی ئۆتۆمبێلیان ئەنجامداوە و چەندان ئۆتۆمبێلیان دزیوە و لیكۆڵینەوەی پتریش لە بارەی کار و کرداری دیکەی دزەکان بەردەوامە و زانیاری زیاتریش لەداهاتوو دەخەنەروو.




