نەتەوەیەكگرتووەكان: لە چوار ناوچەی سوریادا چەكی كیمیایی بەكار هێنراوە

نیویۆرك-KDP.info/ كۆمیتەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بارەی لێكۆڵینەوە كردن لە سەر پرسی بەكار هێنانی چەكی كیمیایی، راپۆرتی خۆی ئاشكرا كرد. بە پێ ئەو راپۆرتە لە حەفت ناوچەدا لێكۆڵینەوەی بەرفراوان ئەنجامدراوە، دەركەوتووە لە چوار ناوچەدا لە دژی سەرباز و خەڵكی مەدەنی چەكی كیمیاوی بەكار هێنراوە، ئەگەری بەكار هێنانی لە ناوچەیەكی دیكە لە ئارادایە و لە دوو ناوچەی دیكەیشدا هیچ نیشانەیەك لە بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی لە ئارادا نییە.
سەرۆكی كۆمیتەی لێكۆڵینەوە لە سەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی پرۆفسۆر ئاكە سەلەسترۆم، راپۆرتی كۆمیتەی پێشكەشی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد. لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی كراوە بەڵام هیچ ئاماژەیەك بەوە نەدراوە كە ئەو چەكانە لە لایەن كێیەوە بەكار هێنراون.
لە بەشێكی ئەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە كە لە ناوچەكانی گۆتا، خان عەسەل، سەراقوئەب و ئەشرەفییەدا چەكی كیمیاوی بەكارهێنراوە. ئەگەری ئەوە هەیە لە ناوچەی جۆبار چەكی كیمیاوی بەكار هێنرابێ. لە ناوچەكانی بەهارییە و شێخ مەقسوود هیچ جۆرە نیشانەیەك لە بارەی بەكار هێنانی چەكی كیمیاوییەوە لە ئارادا نییە.
لە درێژەی راپۆرتەكەدا باسی ئەوە كراوە بە هۆی ئەو پشكنین و لێكۆڵینەوانەی كە ئەنجامدراون دەركەوتووە كە رۆژی 21 ئاب لە ناوچەی گوتا چەكی كیمیاوی بەكار هاتووە و ئەو چەكانەیش لە رێگای هێرشی مووشەكی زەمین بە زەمین ئەنجامدراوە، لە سەر پارچەی مووشەكەكان گازی خەردەل بینراوە. لە ئەنجامی ئەو پشكنینانە كە بۆ دانیشتوانی ناوچەكە كراوە دەركەوتووە كە ئاسەواری گازی سارین لە نێو خوێنیاندا هەیە.
لە 19ی ئادار لە ناوچەی خان عەسەل، لە دژی خەڵكی مەدەنی چەكی كیمیاوی بەكار هێنراوە، ئەنجامی پشكنینەكان ئەوەیان سەلماند كە لە ناوچەی خان عەسەل لە رۆژی 19ی ئاداردا چەكی كیمیاوی لە دژی خەڵكی مەدەنی بەكار هێنراوە.
لە 24 و 25ی ئابدا لە هەر دوو ناوچەی ساراقوئەب و ئەشرەفییەدا لە دژی سەرباز و خەڵكی مەدەنی بە رێژەیەكی كەم چەكی كیمیاوی بەكار هێنراوە. هەرچەند لەو ناوچەیەدا پشكنینی ورد ئەنجام نەرداوە بەڵام بە پێ گوتەی شاهێد حاڵەكان و بە پێ ئەنجامی پشكنینی هۆكاری مردنی خەڵك و بە پێی ئەو زانیارییانە كە لە لایەن كاربەدەستانی تەندروستییەوە پێمان گەیشتوونە دەركەوتووە كە لەو ناوچانەیشدا چەكی كیمیاوی بەكار هێنراوە.




