ئەمریكا پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەوی سوریا دەكات

واشینتۆن-KDP.info/ وەزیری بەرگری ئەمریكا جاك هەگل رایگەیاند ئەمریكا پشتگیری لە سەرۆكی دەستەی بالای سەربازی ژەنەڕاڵ سەلیم ئیدریس و ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سوریا دەكا.
جاك هەگل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە پەنتاگۆندا وەڵامی چەندین پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە، هەگەل لە وەڵامی پرسیاری دەستبەسەردا گرتنی حەشارگەی چەك و تەقەمەنی سوپا لە لایەن گروپە ئیسلامییەكانەوە لە باكووری سوریا و راوەستاندنی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ گروپە چەكدارەكانی باكووری سوریا رایگەیاند ئەو شتانەی لەو چەند رۆژەی داوایی لە باكووری سوریا رویانداوە نیشانەی ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەو ڵاتەن. ئێمە وەكو ئەمریكا درێژە بە هاوكارییە مرۆییەكان و پشتگیری كردن لە ژەنەڕاڵ سەلیم ئیدریس و ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو دەدەین.
هەگل گوتی: رووداوەكانی باكووری سوریا كێشەیەكی زۆر گەورەن، بۆیە پێویستە لەگەڵ ژەنەڕال ئیدریس و ئۆپۆزسیۆنی میانڕەودا دابنیشین و گفتوگۆی لە سەر بكەین. لاوازبوون یا شكەست هێنانی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو لە سوریا زەرەری بۆ هەموولایەك هەیە، ئێمە هەوڵ بۆ سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو دەدەین.
لە بارەی راگرتنی هاوكارییەكانی ئەمریكایەوە هەگل ئاماژەی بەوە كرد تا ئەو كاتە ئەمریكا لە سەر دەستبەسەردا گرتنی حەشارگاكانی چەكی دەستەی باڵای سەربازی هەڵوێستی خۆی نیشان نەدا، ئەو هاوكارییانە رادەگیردرێن.




