٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

واشنتۆن بە نیازە سزای توندی ئابووری بەسەر ئۆكراینا بسەپێنێت

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریكا -- KDP.info/ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا گشت ئەو رێوشوێنانە لە بارەی قەیرانی ناوخۆی سیاسی ئۆكراینا دیراسە دەكات لەوانەش سەپاندنی سزای تووندی ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا.

جین ساكی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەگەری ئەوەیە واشنتۆن سزای توندی ئابووری بەسەر ئۆكرانیادا بسەپێنێت گەر حكوومەتی ئەو وڵاتە هێرشە ئەمنییەكانی بۆ سەر خۆپیشاندەران رانەگرێت،یان داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەكات.

ساكی ئەوەشی بە رۆژنامەوانان گوت: لە ئێستادا وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بە وردی ئەگەر و رێوشوێنەكان لە بارەی قەیرانی سیاسی ناوخۆی وڵاتی ئۆكراینا دیراسە دەكات لە چەند رۆژی داهاتووشدا دیراسەكان ئاشكرا دەبن و یەكێك لەو دیراسانەی ئەگەری سەپاندنی سزای ئابوورییە بەسەر ئۆكراینا.

پێشتریش جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكدا دڵگەرانی خۆی لە هەمبەر ئەو هێرشانە نیشان دا كە هێزە ئەمنییەكانی ئۆكراینا بۆ سەر خۆپیشاندەران ئەنجامیان دا و لەلایەن خۆشیەوە ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ سەرۆكی ئۆكراینا لە لێدوانێكدا دووپاتی كردەوە كە چی دیكە هێز بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكار ناهێنرێت.

لەلایەكی دیكەوە بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێـتی ئەوروپا كاترین ئاشـتۆن دەڵێت سەرۆكی ئۆكرانیا ڤیكتۆر یانوكۆڤیچ بەنیازە ڕێـكەوتنـنامەی هاوكاری و بازرگانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا مۆربكات كە مانگی ڕابردوو ڕەتی كردەوە.

ئاشتۆن لە برۆكسل قسەی بۆ پەیامنێران كرد لە پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ ڤیكتۆر یانوكۆڤیچ لە كێیڤی پایتەختی ئۆكرانیا. گوتی بە ڕوونی دیارە مەسەلە ئابوری و دارایـیەكانی ئۆكرانیا لە ماوەیەكی كورتدا ڕووبەڕووی بووەتەوە دەكرێت بە مۆركردنی ئەو ڕێـكەوتنـنامەیە‌ لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا سووك بكرێنەوە.

هاوكات ناڕەزایـیەكانی دژی حكومەتی ئۆكرانیا بەردەوامن و خۆپـیشـاندەران داوای پەیوەندی زیاتر لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا دەكەن.

پاش ئەوەی هێزەكانی پـۆلیسی ئۆكرانیا ڕووبەڕووی ئەو خۆپـیشـاندەرانە بوونەوە كە لە مەیدانی سەربەخۆیی كێیڤ گردبووبوونەوە، ئەمەریكا ناڕەزایی دەربڕی و گوتی تاووتوێی كاردانەوەی خۆی دەكات لە بەرامبەر ئەم ڕەفتارەی حكومەتی ئۆكرانیا، لەوانە سەپاندنی سزا بەسەریدا.

ڕێبەرانی ئۆپـۆزسیۆنیش لای خۆیانەوە داواكەی ڤیكتۆر یانوكۆڤیچیان ڕەتكردەوە كە بۆ وتووێژكردن بانگهێشـتی كردبوون بە مەبەسـتی كۆتایی هێنان بە ناڕەزایـیەكانی بەڕێوەدەچن لە دژی پاشگەزبوونەوەی لە مۆركردنی ئەو ڕێـكەوتنـنامە بازرگانیـیە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، ئەمەش لە پـێناو پتەوكردنی پەیوەندیـیەكانی لەگەڵ ڕووسیا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار