فوئاد حوسێن: پرۆسەی لێپرسینەوە لە مالیكی بەردەوامە و شكستی نەهێناوە

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە رایدەگەێنێت: پرۆسەی لێپرسینەوە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق شكستی نەهێناوە و بەردەوامە، ئاماژەى بەوەش كرد سەركردەی رەوتی سەدر لە وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی پاشگەز نەبووەتەوە.
فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباسی راگەیاندووە: پرۆسەی لێپرسینەوە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەردەوامە و شكستی نەهێناوە، بەڵام پرۆسەكە دەچێتە پەرلەمانی عێراق و ئەو كات دەردەكەوێ كە دەنگی پێویست هەیە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە یان نا، ئەوەش بڕیاری سیاسیی دەوێ.
روونیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدا نییە ئاڵۆزی لە عێراقدا هەبێ و ئێمە ئاڵۆزی دروست ناكەین، بگرە سیاسیەتی بەغدا ئەو ئاڵۆزییەی دروست كردووە كە بەتەنیا بەرامبەر كورد نییە، بگرە بەرامبەر بە هەموو عێراق بووە، چونكە لیستی عێراقییە و عەرەبی سوننە بەگشتی دژی ئەو ئاڵۆزیەن كە دروست بووە.
گوتیشی، هەروەها شیعەكان بە ئاشكرا دژی ئەو ئاڵۆزییەن و لەناو لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانیش كەسانێك هەن دژی ئەو ئاڵۆزییەن.
لەبارەی نووسی چاكسازییەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم گوتی، ناتوانین لێدوان لەبارەی نووسەكە بدەین، چونكە نووسەكە پێوەستە بەخۆیان و بۆچوونی خودی خۆیانە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی موقتەدا سەدر لە پرسی لێپرسینەوە و وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی پاشگەز بووەتەوە، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم گوتی، پێویستە ئەم پرسیارە رووبەڕووی ئەوان بكرێتەوە، بەڵام باوەڕ ناكەم پاشگەز بووبێتەوە.




