بەرپرسێكی باڵای توركیا: بازرگانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان یاساییە

حكوومەتی توركیا داواكاری بەرپرسانی بەغدا بۆ وەرنەگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت: ئەو جۆرە بازرگانییەی، كە لە نێوان ئەنقەرە و هەولێردا دەكرێت یاساییە.
بەرپرسێكی باڵای توركیا بە رۆژنامەی حوریەتی وڵاتەكەی ڕاگەیاند "ئەگەر كێشەیەكی یاسایی لەم بوارەدا هەبوایە، ئەوا بێگومان نەوتی هەرێمی كوردستانمان وەرنەدەگرت".
داواكاریی بەرپرسانی عێراق
لێدوانی ئەم بەرپرسەی توركیا پاش ئەوە هات، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق عەلی دەباغ لە ڕێی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكەوە ڕایگەیاند، پێویستە حكوومەتی توركیا واز لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم بهێنێت.
دەباغ هەروەها گوتی:"ناردنە دەرەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا كارێكی نایاساییە".
چەند بەرپرسێكی دیكەی حكوومەتی ناوەندیش لە 2 رۆژی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوە كرد، كە بەردەوامبوونی توركیا لە وەرگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت، بە تایبەتی لە بواری ئابوورییەوە.
هەڕەشەكان كاریگەرییان نییە
لێدوانی ئەم بەرپرسەی حكوومەتی توركیا ئەوە دەسەلمێنێت، كە هەڕەشەكانی بەرپرسانی حكوومەتی ناوەندی نابێتە هۆی گۆڕینی هەڵوێست و سیاسەتی حكوومەتی توركیا لە بەرامبەر هەرێمی كوردستاندا.
"حوریەت"یش نووسیویەتی ئەم جۆرە وەڵامدانەوەیەی ئەنقەرە ئاماژەیەكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ سرووشتی ئەو جۆرە پەیوەندییەی لە نێوان حكوومەتی توركیا و حكوومەتی بەغدا لە لایەك و حكوومەتی توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەكی دیكە دروست بووە.
چەند رۆژێك پێش ئێستایش وەزیری وزەی توركیا تانیر یەڵدز ڕایگەیاند، ئەو جۆرە بازرگانییەی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیادا دەستی پێكردووە، بە هیچ جۆرێك دژی یاسا نییە.
هەندێك سەرچاوە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا باسیان لەوە كرد، سزاكانی ئەمەریكا و ئەورووپا بۆ سەر ئێران، حكوومەتی توركیایان ناچار كردووە بۆ ئەوەی بیر لە دۆزینەوەی سەرچاوەیەكی دیكەی وزە بكاتەوە، چونكە چیدیكە ناتوانێت نەوتی ئێران وەربگرێت.
بەڵام وەزیری وزەی توركیا ئەو هەواڵەیشی ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند، توركیا نە لە ژێر فشاردایە و نە لەو بارەوە ڕووبەڕووی كێشەیش بووەتەوە.
ئەم گوتانەی یەڵدزیش ئەوە پێشان دەدەن، كە ئەو پەیوەندییەی ئێستا لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا دروست بووە بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە، كە توركیا هیچ جۆرە سەرچاوەیەكی دیكەی وزەی بەدەستەوە نەماوە و هەربۆیەیش پەنای بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە، بەڵكو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی دیپلۆماسی و ئابووری هەیە و وڵاتانی زلهێزیش ئامادەن پەیوندیی سیاسییان لەگەڵ هەبێت و كاری بازرگانییشی لەگەڵ بكەن.




