بە هۆی بەكارهێنانی وشەی كوردستان سكاڵا لە سەر ئەردۆغان تۆمار كرا

بورسا- KDP.info/ لە چوارچێوەی گەرموگۆڕ بوونی گفتوگۆكان لە توركیا لە بارەی وشەی كوردستاندا، رۆژی چوارشەممە هاووڵاتییەكی توركیا بە تۆمەتی بەكار هێنانی وشەی كوردستان سكاڵای لە سەر سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە تۆمار كرد.
لەمبارەیەوە ئاژانسی دۆغانی توركی بڵاویكردەوە كەسێك بە ناوی فرات ئاكتەن كە دانیشتووی شاری بورسایە و پێشەی دروست كردنی مۆبلیاتە، رۆژی چوار شەممە سەردانی دادگای ناوچەی ئینە گولی شاری بورسای كردووە و بە تۆمەتی بەكار هێنانی وشەی كوردستان لە لایەن سەرۆكوەزیرانی توركیاوە سكاڵای لە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان تۆمار كردووە.
فرات ئاكتەن ئاماژەی بەوە كردووە كە سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە دەعەوت كردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دیاربەكر و بەكار هێنانی وشەی كوردستان لە كاتی رێوەڕەسمەكاندا دەستووری بنەڕەتی توركیای پێشەل كردووە بۆیە سكاڵام لە سەر تۆمار كردووە.
ئاكتەن جەختی لەوە كردووەتەوە كە بەكار هێنانی وشەی كوردستان و باكووری كوردستان لە لایەن سەرۆكوەزیرانی توركیاوە زەنگی مەترسییە بۆ سەر یەكێتی توركیا بۆیە سكاڵای لە سەر تۆمار كردووە.




