18 نوێنەری پارێزگای خوزستانی ئێران دەستیان لەكار كێشایەوە

ئێران - KDP.info/ لە هەنگاوێكی بەكۆمەڵدا هەژدە نوێنەری پارێزگای خوزستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران دەستیان لەكار كێشایەوە. ئەم هەنگاوە بەهۆی نارەزایەتییان بوو لە دژی رێژەی بودجەی دەستنیشانكراو بۆ پارێزگاكەیان .
سەید شەریف حوسێنی كە یەكێكە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارێزگای خوزستان؛ هەواڵەكەی پشتراستكردەوە و رایگەیاند كە دەستلەكاركێشانەوەكە پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە.
ئەو نوێنەرەی خوزستان بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای راگەیاند كە سوورن لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكە و پێداگیری لە مافی خەڵكی پارێزگاكە دەكەن.
لەلایەن خۆیەوە وتەبێژی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران رایگەیاند كە تا ئێستا هیچ نامەیەكی لەو شێوەیە نەگەیشتۆتە دەستیان.




