ئەو كەسانەی فۆرمەكەی دەستەی دەستپاكی پڕ ناكەنەوە ناویان ئاشكرا دەكرێت و غەرامە دەكرێن

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/ وابڕیارە لە رۆژانی ئایندە فۆرمی ئاشكراكردنی موڵك و سامان لەلایەن دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان دابەشی سەر ئەو كەس و بەرپرسانە بكرێت كە یاسا دیاری كردووەو سەرۆكی دەستەكەش دەڵێت هیوادارین وەڵامدانەوەكە بەرێژەی %100 بێت ئەگەر نا بەپێی یاسا ناوی كەسەكان لە ماڵپەری فەرمی دەستەكەمان بڵاو دەكرێتەوەو دواتریش بەبڕێك پارە غەرامە دەكرێن.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پێشبینیەكانیان بۆ وەڵامدانەوەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی فۆرمی ئاشكراكردنی موڵك و سامانیان بۆ(kdp.info ) گوتی: من پێشبینی ئەوە دەكەم كە بەشێكی زۆر ئەو كەس و بەرپرسانەی كە پڕكردنەوەی فۆرمی ئاشكراكردنی موڵك و سامان دەیانگرێتەوە بە ئەرێنی وەڵام بدەنەوەو پێشووتر ئەوجۆرە فۆرمە لە پەرلەمانی عێراق دابەشكراوەو وەڵامدانەوەی هەبووە بەڵام بەرێژەی %100 نەبووە بۆیە هیوادارم لەهەرێمی كوردستان وەڵامدانەوە بەرێژەی %100 بێت.
ناوبراو گوتیشی: ئەگەر هاتوو كەسانێك وەڵامی داواكەی ئێمەیان نەدایەوەو فۆرمەكەیان پڕنەكردەوە ئەوا ئەو دەزگایە ئاگادار دەكەینەوە كە كەسەكە كاری تێدا دەكات هەروەها ناوی سەرجەم ئەو كەسانە لە ماڵپەری فەرمی دەستەی دەستپاكی بڵاو دەكەینەوە هەروەها بەپێی یاسا ئەگەر هاتوو تاوەكو سێ مانگ كەسەكە بە ئەنقەست فۆرمەكەی پڕ نەكردنەوە ئەوا دەستەی دەستپاكی بۆی هەیە بەبڕی 1 تاوەكو 3 ملیۆن دینار غەرامەی كەسەكە بكات، بەڵام ئێمە هیوادارین هیچ حاڵەتێكی لەوشێوەیە روونەدات.




