لە گەڵ بوونی بارانێكی زۆر ساڵ بەساڵ ئاوی ژێر زەوی شاری هەولێر زیاتر دادەبەزێت

هەولێر- تایبەت بە KDP.info /هەرچەندە ساڵانە رێژەیەكی زۆر باران لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی دەبارێت بەڵام بەهۆی زیاد خەرجكردنی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئەو بڕە زۆرەی باران نەبۆتە هۆی زیادبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەڵك و بەپێچەوانەوە ساڵ بەساڵ زیاتر ئاستەكە دادەبەزێت.
نزار ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ kdp.onfoگوتی: هەرچەندە ساڵانە بڕێكی باش باران لەهەرێمی كوردستان دەبارێت بەڵام ئەمە تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی گشتی نەبۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی چونكە زۆرینەی هاووڵاتیان بەرێژەیەكی زیاد لەپێویست ئاو خەرج دەكەن یاخود بەفێڕۆی دەدەن سەبارەت بە نزمترین و بەرزترین ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە سنوری پارێزگای هەولێر بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی ئێمەدایە زیادترین دابەزینی ئاستی ژێرزەوی لەناوچەی پیرمام روویداوە كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرفتی كەمی ئاو لەناوچەكەو زیاتر هەڵكەندنی بیر بەڵام ئێستا گرفتی كەمی ئاوی ناوچەكە بەراكێشانی هیڵی ئاو لە زێی گەورە چارەسەركراوە بەڵام ئاستی دابەزینی ئاوی ژێر زەوی لەو ناوچەیە لە ساڵی 2000 ەوە تاوەكو ئێستا نزیكە33 مەتر دابەزیوە.
گوتیشی: كەمترین رێژەی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ساڵی 2000 ەوە تاوەكو ئێستا لەناوچەكانی چامەو زورەگڤان بووە كە دەكەوێتە دەوربەری ناوچەی بارزان كە بەهیچ شێوەیەك ئاوەكەی دانەبەزیوە بەڵام بەشێوەیەكی گشتی مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی هەیەو پێشبینی دەكرێت لەساڵانی ئایندە رێژە دابەزینەكە زیاتربێت ئەمەش بەهۆی زیادبوونی رێژەی دانیشتووان و پیسبوونی ژینگەو زیادبوونی گاز و مادە ژەهراوەییەكان و بەمەش مەترسی سەرهاڵی وشكەساڵی زیادتر دەبێت.




