گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم دەست پێدەکاتەوە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ بەرپرسی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرایکرد، چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی ئەم ھەفتەیە کۆبوونەوەی لایەنەکان لە بارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستپێکاتەوە.
د.محەمەد حاجی بەرپرسی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەkdp.info راگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی یەکەمن کە دەستیان بەدانوستان کردووە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە خشتەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە لایەن پارتیەوە دەبێت، بەڵام دەنگۆی ئەوە ھەیە کە کۆتایی ئەم ھەفتەیە دانوستانەکان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام رۆژەکە دیارنەکراوە.
د.محەمەد حاجی گوتیشی: ئەمجارە کە گفتوگۆ دەستپێدەکاتەوە باس لە سێ خاڵ دەکرێت، ئەوانەش بەرنامەی حکوومەت و ئالیەتی جێبەجێکردنی بەرنامەکە و ئیستحقاقی ھەڵبژاردنه، واتا پۆستەکان کە ھەر لایەنەی بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن چ پۆستێکی بەردەکەوێت باسی لێوە بکرێت.
حاجی رونیشیکردەوە، ئەمجارە ھەر لایەنێک لیژنەی گفتوگۆ پێکدھێنێت و ئەو لیژنانە گفتوگۆ لە بارەی وردەکاری پێکھێنانی حکوومەت دەکەن.




