موعەمەر گولەر: چەندین هێزی هەرێمی دەیانەوێت قۆناغی چارەسەری تێكبدەن

ئەنقەرە- KDP.info/ وەزیری ناوخۆی توركیا موعەمەر گولەر لە بارەی خۆپیشاندانەكانی ناوچەی هەكاری و گەڤەر رایگەیاند كە ئەو خۆپیشاندانانە دەستی دەرەكیان لە پشتەوەیە و ئامانجیان تێكدانی قۆناغی چارەسەرییە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی بیك بڵاویكردەوە كە وەزیری ناوخۆی توركیا موعەمەر گولەر رایگەیاندووە كە هەمووی خۆپیشاندانەكانی ناوچەی هەكاری و گەڤەر نایاساین و دەستی دەرەكی لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوەیە.
گولەر هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە كە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و لە سەر ئاستی هەرێمیدا چەندین هێز و لایەن پێیان ناخۆشە قۆناغی چارەسەری لە توركیا بە ئەنجام بگات، بۆیە بۆ تێكدانی ئەو قۆناغە ئەوەی لە دەستیان دێ دەیكەن و خۆپیشاندانەكانی هەكاری و گەڤەریش بەشێكه لە پلانی ئەو هێزانەی کار بۆ تێكدانی قۆناغی چارەسەری دهکهن.
وەزیری ناوخۆی توركیا جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و پلانگێڕییەكان، حكوومەت بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ بەئەنجام گەیاندنی قۆناغی چارەسەری و لە بەرانبەر ئەو كەسانەش كە هەوڵ بۆ تێكدانی ئەو قۆناغە دەدەن، حكوومەت بە هیچ شێوەیەك بێدەنگ نابێت.




