كۆمیسیۆنی چارەسەری داوای دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان دەكات

ئەنقەرە- KDP.info/ كۆمیسیۆنی هەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد، كە لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە دامەزرابوو، راپۆرتی خۆی ئاشكرا كرد و داوای لە حكوومەتی توركیا كرد كە بۆ سەرخستنی قۆناغی چارەسەری لە گەڵ ئۆجەلاندا دەست بە گفتوگۆ بكات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە كۆمیسیۆنی هەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد كە لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە دامەزراوە، لە راپۆرتە 450 لاپەڕەییەكەی خۆیدا داوای لە حكوومەتی توركیا كردووە كە ئەگەر دەیەوێت پرسی كورد چارەسەر بكات، دەبێت لە گەڵ ئۆجەلاندا دەست بە گفتوگۆ بكات.
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەر چەند دانیشتن لە گەڵ ئۆجەلان و وەرگرتنی رای ئۆجەلان دەبێتە هۆی بەخشینی مەشروعییەت بە ئۆجەلان و پەكەكە، بەڵام ئەگەر بە راستی دەوڵەت دەیەوێت پرسی كورد چارەسەر بكات ئەوا دەبێت لە گەڵ ئۆجەلاندا دەست بە گفتوگۆ بكات، چونكە رەنگە لە نێو پەكەكەدا چەند كەس و لایەنێك هەبن كە لە دژی قۆناغی چارەسەری بن، لە حاڵەتێكی لەو جۆرەدا ئۆجەلان دەتوانێت پەكەكە كۆنترۆڵ بكات و توندوتێژی بۆ هەمیشە رابگرێت.




