٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەد رۆژ لەهەڵبژاردن پۆستی بەرپرسی شارەوانییەکانی بۆکان و پاوە بەتاڵن

سەرچاوە: KDP.info

کوردستانی رۆژهه‌لات -  KDP.info/ پۆستی بەرپرسی شارەوانییەکانی بۆکان و پاوە دوای تێپەڕینی زیاتر لە سەد رۆژ لەهەڵبژاردنی شۆرای شار و دێهاتەکان، یەکلایی نەکراوەتەوە. بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە هەتا ئێستا ئەندامانی شۆرای شاری بۆکان دوو کەسیان وەکوو بەرپرسی شارەوانیی ئەو شارە بە ئوستانداریی ئازەربایجانی رۆژئاوا ناساندووە بەڵام هەر دوو کەسەکە وازیان لەکارەکەیان هێناوە.   کۆتاییەکانی هاوینی ئەمساڵ  سەلمان مام عەزیزی  یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان وەکوو بەرپرسی شارەوانی دیاری کرا و تەنیا دوای بیست رۆژ ئەو شارەدارە وازی لەکارەکەی هێنا و رایگەیاند کە بە هۆی کێشەی شەخسییەوە ناتوانێ‌ئەو پۆستە وەئەستۆ بگرێت. دواتر لەمانگی رەزبەردا هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئیبراهیم کەریمی شارەداری پێشووی شاری مەهاباد وەکوو بەرپرسی شارەوانیی بۆکان بە ئوستانداریی ئازەربایجانی رۆژئاوا ناسێندرا و ئەویش دوای چەند رۆژ وازی لەکارەکەی هێنا. ئاژانسی ناوبراو ئەوەشی خستۆتەروو: کە  ئیبراهیم کەریمی لەژێر زەخت و فشاری ئوستانداریی وازی لەکارەکەی هێناوە و هەڕەشەی ئەو ناوەندەی لەسەر بووە و پێی راگەیەندراوە دەبێ‌واز لە پۆستەکەی بێنێت. ئەمانە لەحاڵێکدان کە شارەکانی بۆکان و مەهاباد لە بوونی نوێنەر لە هەیئەت رەئیسەی ئەنجومەنی باڵای ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواشدا بێبەری و پەراوێز خراون. بێبەری بوونی ئەو دوو شارە لە هەیئەت رەئیسەی ئەنجومەنی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەکاتێکدایە کە بۆکان و مەهاباد لە بواری حەشیمەتەوە بە سێیەم و چوارەمین شاری ئەو پارێزگایە دێنە هەژمار.  شایەنی باسە: ئەنجومەنی باڵای ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ١٧ ئەندام پێکهاتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار