سەعدوون: چەند لایەنێكی سیاسی لە مامەڵەكردن لەگەڵ فایلی نەوت و غازدا لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە

جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەێنێت: كە چەند لایەنێكی سیاسی لە مامەڵەكردن لەگەڵ فایلی نەوت و غازدا لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە و دووپاتی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە كە مەبەستی لە رەوانەكردنی نەوت بۆ توركیا بۆ پاڵاوتن و پڕكردنەوەی پێویستییەكانی هەرێمە لە سووتەمەنی.
موحسین سەعدوون جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباسی راگەیاندووە: وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەرانی حكوومەت تایبەت بە فایلی نەوت و غاز كەمتەرخەمن و پابەندی ئەركە یاسایییەكانیان نەبوونەتەوە كە پەرلەمانی پەسندی كردوون لە چوارچێوەی بودجەدا، لەبارەی دانی خەرجی كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن.
گوتیشی، وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندی رەوانەكردنی پشكی هەرێم لە سووتەمەنی نەبوو، لە پاڵ كەمتەرخەمی لە دانی پارەی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكانی لە هەرێمەكەدا كار دەكەن و هەموو ئەوانە بوونە هۆی پەنابەردنی هەرێم بۆ رەوانەكردنی بەشێك لە نەوتی خاو بۆ توركیا بە مەبەستی پاڵاوتن بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی ناوەخۆ لە سووتەمەنی و ئەو كارەش ناچێتە خانەی هەناردنی نەوت.
روونیشی كردەوە، حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە هۆی گەیشتنی دۆخەكەیە بە ئەمڕۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر و بە بڕوای خۆم چەند لایەنێكی سیاسی لە پرسی مامەڵەكردن لەگەڵ فایلی نەوت لە نێوان هەردوولادا هەیە.




