مامۆستایانی سنووری پەروەردەی خانەقین هەرەشەی خۆپیشاندان دەكەن

خانەقین – KDP.info / بەهۆی نەبوونی پارە لە نێو بانكی كەلاردا مووچەی فەرمانبەری چەند فەرمانگەیەكی گەرمیان دواكەوتووە لە نێوانیشیاندا بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی خانەقین هەرێمی كوردستانی تێدایە بەو هۆیەشەوە مامۆستایانی سنووری پەروەردەكە هەرەشەی خۆپیشاندان دەكەن. سەرچاوەیەک لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی خانەقین بەKDP.info راگەیاند : هەموو مانگی 11 و 12 یەك مووچەی پەروەردەی خانەقین دوا دەكەوێت كە ئەمەش بە راستی نیگەرانییەكی زۆری لای مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە دروست كردووەو چونكە زۆرێك لە مامۆستایان سلفەی مانگانەیان هەیە و كرێی خانوو دەدەن و بژێوی رۆژانەیانی لەسەرە بەڵام بە داخەوە كە دەچین بۆ بانكی كەلار دەڵێن پارە لە بانكدا نەماوە . بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە KDP.info: لە كاتێكدا فەرمانگە و پەروەردەكانی تری سنووری گەرمیان لەكاتی خۆیدا و بێ دواكەوتن مووچەیان وەرگرتووە و تەنها خانەقین لەم مووچەیە بێ بەشكراوە و بۆیەش زیاتر لە 400 مامۆستای سنووری پەروەردەی خانەقین سەردانی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی خانەقینیان کردووە و هەڕەشەی خۆپیشاندانیان كردووە . شایەنی باسە وەک وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی راگەیاند: دواکەوتنی مووچەی چەند بەرێوەبەرایتییەک بۆ نەمانی پارە لە بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەگرێتەوە چوونکە حکوومەتی ناوەندی عێراق پارەی نە ناردووە.




