گرژی و ئاڵۆزییەكانی هەكاری 2 كوژراوی لێكەوتەوە

هەكاری – KDP.info/ بە پێی ڕوونكردنەوەیەكی پارێزگاری شاری هەكاری لە ئەنجامی پێكدادانی خۆپیشاندەران و پۆلیس لە یوكسەكۆڤا دوو كەس گیانیان لەدەستدا.
بەپێی هەواڵێكی AAپارێزگاری شاری هەكاری لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە سەعات دوو و نیوی پاشنیوەڕۆی هەینی لە سەر شەقامێكی شارۆچكەی یوكسەكۆڤای سەر بەشاری هەكاری بە بیانووی شێواندنی مەزاری
بەناو شەهیدانی سەر بە چەكدارانی پەكەكە لە ناو شارۆچكەكەدا؛ گروپێكی ١٥٠تا١٦٠ كەسی كە لە ناویاندا چەند كەسێكی دەمامكدار هەبووە، خۆپیشاندانێكی بێ مۆڵەتیان ئەنجامداوە و دواتر بە مۆڵۆتۆف و فیشەك هێرشیان كردۆتە سەر هێزە ئەمنیەكانی شارۆچكەكە.
لەو ڕونكردنەوەیەدا ئاماژە بەوە دراوە كە هێزە ئەمنیەكانی شارۆچكەكە بە گازی فرمێسك ڕێژ و ئاو هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەكەیان داوە.
لە بەشێكی دیكەی ڕوونكردنەوەكەی پارێزگاری شارەكەدا هاتووە گروپێكی دەمامكدار كە ژمارەیان ٢٠ تا ٢٥ كەس دەبوو بە چەكی دوورهاوێژ هێرشیان كردۆتە سەر سەیارەكانی پۆلیسی مەدەنی و زیانێكی زۆریان بە سەیارەكان گەیاندووە و ئاماژە بەوەش كراوە كە هێزێكی تایبەتی پۆلیس ناچار بوون كە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی بارودۆخەكە بكەونە حاڵەتی ئامادە باشیەوە.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هەروەها هاتووە كە بەهۆی پێكدادانی هێزەكانی پۆلیس و خۆپیشاندەرە بێمۆڵەتەكانە هەریەك لەهاوڵاتی محەمەد رەشیدی تەمەن ٣٢ ساڵ و وەیسەل ئوزی تەمەن ٣٢ ساڵ پاش برینداربوونیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. ڕوونكردنەوە ئاشكراشیكرد هیچ قەبرستان و شوێنێكی تایبەت هێرشی نەكراوەتە سەر و تێكنەدراوە. لەلایەكی دیكەوە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی ئەو دوو هاوڵاتیە لە نەخۆشخانە، جارێكی دیكە پێكدادان لە نێوان هێزەكانی پۆلیس و گروپێك دا ڕوویدا و پۆلیس ناچار بوو بە گازی بیبەر خۆپیشاندەران بڵاوەپێبكات.




