لە ئیستەنبۆڵ داوای ئازاد كردنی گیراوە سیاسییە نەخۆشەكان دەكرێت

ئیستەنبۆڵ- KDP.info/ رۆژی هەینی لە شاری ئیستەنبۆڵ ئەو چالاكییە كە بۆ ئازاد كردنی گیراوانی سیاسی نەخۆش رۆژی چوارشەممە دەستیپێكردبوو بەرفراوانتر كرا و ژمارەیەكی زۆر خەڵك بە رێپیوان و چالاكی دانیشتن لە بەردەم پزشكی دادی ئیستەنبۆڵ داوای ئازاد كردنی گیراوانی سیاسی نەخۆشیان كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە ژمارەیەك زۆر لە خزم و كەسوكاری گیراوانی سیاسی كوردی نەخۆشی گرتووخانەكانی توركیا و كۆمەڵەی تویاد و ژمارەیەك لە نوێنەری رێكخراوە مەدەنییەكان، رۆژی هەینی بۆ پشتگیری كردن لە چالاكییەكەی رۆژی چوارشەممە، دەستیان بە چالاكییەكی بەرفراوانتر كرد.
چالاكڤانەكان لە رێپیوان و دانیشتنی خۆیان لە بەردەم پزشكی دادی ئیستەنبۆڵ داوای ئازاد كردنی 562 گیراوی سیاسی كوردیان كرد كە نەخۆشن و باری تەندروستییان لە مەترسیدایە.
هەر لە چوارچێوەی ئەو چالاكییەدا راپۆرتی پزشكی لە بارەی باری تەندروستی ئەو گیراوە كوردانە بۆ رای گشتی ئاشكرا كرا.




