وشەی كوردستان بە رەسمی لە لایەن پەرلەمانی توركیاوە قەبووڵ كرا

ئەنقەرە- KDP.info/ بۆ یەكەمینجار پەرلەمانی توركیا لە نێو بەڵگە رەسمییەكانی خۆیدا بە رەسمی ناوی كوردستانی لە جیاتی ناوچەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ تۆمار كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە فراكسیۆنی بەدەپە لە پەرلەمانی توركیا لە بارەی پرۆژە بوودجەی ساڵی 2014ی توركیادا پرۆژە یاسایەكی سەبارەت بە بارودۆخی ناوچە كوردییەكان پێشكەشی پەرلەمان كردووە و لەو پرۆژە یاسایەدا لە جیاتی وشەی ناوچەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ وشەی كوردستان بەكار هێنراوە.
پەرلەمانی توركیا بەبێ گۆڕانكاری لەو پرۆژە یاسایەدا پەسەندی كردووە و بەو جۆرە وشەی كوردستان كە زیاتر لە 17 جار لە نێو ئەو پرۆژە یاسایەدا ئاماژەی پێكراوە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا و لە بەڵگە رەسمییەكانی پەرلەمانیشدا تۆمار كرا.
فراكسیۆنی بەدەپە لە پرۆژە یاساكەی خۆیدا باسی كەمی بەشە بوودجەی ناوچە كوردییەكان و چەوساندنەوەی ئابووری ئەو ناوچانەی كردووە.




