نزیکەی 14ھەزار قوتابی سوری لە قۆناغەکانی سەرهتایی و بنەرەتی لە ھەرێم دەخوێنن
ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ نوێنەری رێکخراوی یونیسێف ئاشکرایکرد، ھەموو پێداویستیەکی خوێند بۆ قوتابیانی ئاوارە سوریەکان لە ھەرێمی کوردستان دابینکراوە کە تەنھا ژمارەی قوتابیانی قۆناغەکانی سەرهتایی وبنەرەتی نزیکە 14ھەزار قوتابیە.
عەبدولقادر کاکەسۆر نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لەھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند:ھاوکاریەکی زۆری قوتابیان کراوە کە دوێنێ سۆپا بۆ ھەموو ئەو قوتابخانانە دابینکرا کە لە خێمە دروست کراون وبڕیارە لەچەند رۆژی داھاتووش بۆ ھەر منداڵکێی ئاوارە کە تەمەنی یەک رۆژ بێت تاوەکو چواردە ساڵ تاخمێکی جل وبەرگیان پێدەدرێت لەگەڵ بەتانیەک بۆ ھەر ئاوارەیەک .
عەبدولقادر کاکەسۆر گوتیشی:ئەو قوتابخانانەی بۆ ئاوارەکان لە کەرڤانە دروست کراون ھەموویان سپلیتی تێدایە کە کارەباش لەھەرێمی کوردستان باشە بۆیە کێشەیان بۆ دروست نابێت.
کاکە سۆر راشیگەیاند:دابین کردنی ماموستا وپەرتووک لەئەستۆی وەزارەتی پەروەردە دایە ،بەڵام لەزۆربەی قوتابخانەکان کێشەیان نیە تەنھا لەچەند قوتابخانەیەک نەبێت پێویستیان پێ ھەیە،کە لەچەند رۆژی رابردووەزارەتی پەروەردە ھەندێک پەرتوکی بۆ ھاتووە رەنگە ئەمەش چارەسەر بێت.
نوێنەری رێکخراوی یونیسێف رونیشیکردەوە،دابەشکردنی قرتاسیە لەسەر شانی ئێمەیە کە لەسەرتای دەست پێکردنی خوێندنی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا دوو جار قرتاسیە بەسەر قوتابیە ئاوارەکان دابەشکراوە کە ھیچ قوتابیەک کێشەی قرتاسیەی نیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد،تەنھا ئاماری پۆلی یەک تاوەکو نۆیان لایە ئەمەش کە خۆیان کاری لەسەر دکەن نزیکەی 14ھەزار قوتابیە کە زۆرینەیان لە کەمپی دھۆکن ورەنگە پۆلەکانی دیکە زیاتریش بێت.




