٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرێوەبەری ئاسایشی کەرکووک: سێجار فەرمان بە ھێزەکانی ئێمە کرا، چاوەڕوان بن تا ھێزی دژە تیرۆر لە سلێمانییەوە بێتە کەرکووک

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک- تایبەت بەKDP.info/ بەرێوەبەری ئاسایشی کەرکووک دەڵێت: ھاتنی ھێزی دژە تیرۆر تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی و گەورەکردنی رووداوەکە بووە، گەرنا ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک خۆیان دەیان توانی ئەو رووداوە کۆنترۆل بکەن.

عەمید ھەڵۆ نەجات بەرێوەبەری ئاسایشی کەرکووک بەkdp.infoراگەیاند: بەپێی دوا ئامار ژمارەی قوربانییەکانی شەڕەکەی دوێنێی کەرکووک ھەشت شەھید و 75بریندار بووە، کە لە ناو بریندارەکان نەقیبێک و شەش کارمەندی ئێمە ھەیە، بەڵام ئێستە رەوشەکە ئارام بۆتەوە، خاوەن مۆڵ و دوکانەکان ئێستە ھاتوونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و پاکی دەکەنەوە و ھەموو جارێکیش ھەر وایە دوای رووداوەکان خەڵک دەست بەکارەکانی خۆیان دەکەنەوە.

عەمید ھەڵۆ نەجات گوتیشی: ئەوەی تاوەکو ئێستە روون بۆتەوە تەنیا چوار تیرۆریست کوژراون و ئەوەی باس لەوەش دەکات کە لەناو بینای جەواھیری مۆڵ تیرۆریستێک خۆی تەقاندۆتەوە ھیچ تەرمێک نەدۆزراوەتەوە .

سەبارەت بەھۆکاری رووداوەکەش بەرەێوبەری ئاسایشی کەرکووک گوتی: بینای ھەواڵگری کەرکووک بینایەکی گەورەیە، بەڵام جۆری پاسەوانکردنی لاواز بووە و زۆر جار بەرێوەبەری ھەواڵگری سکاڵای ھەبووە کە ژمارەیان کەمە و چەک و کەلوپەل و پێداویستیان کەمە، بۆیە دیارە ئەم زانیاریانە بەدەست تیرۆرستان گەیشتووە کە ئەو بینایە لاوازە و ئەو ھێرشە توندەی کراوەتە سەر .

بەرپرسی ئاسایشی کەرکووک رونیشیکردەوە،سەرەتا ئۆتۆمبێلێک خۆی تەقاندۆتەوە دواتر پشێوی دروست بووە و سێ تیرۆرست لە کاتی دروستبوونی دوکەڵ چوونەتە ناو بینایەکە و کۆنترۆلیان کردووە، بەڵام دواتر لە لایەن ھێزەکانی ئێمە و پۆلیسی قەزا و ناحییەکان ئەو بینایە پاک کرایەوە. دواتر لەبینای جەواھیری مۆڵ دوو تیرۆرستی دیکە تەقیان کرد کە دیاربوو ئەوانیش گروپێک بوون کە پاڵپشتی ئەوانەی دیکەبوون و شەڕەکەی تاوەکو 12شەو خایاند، بەڵام بەداخەوە ھەر چارەسەر نەکرا تاوەکو بیناکە سوتێنرا ئەوکات ئەو بینایەش کۆنترۆل کرا و ئێستەش بەدوای ئاسەواری ئەوان دەگرێن.

نەجات ئاماژەی بەوەشکرد،ھەر چەندە ھێزی دژە تیرۆر رایگەیاندووە کە تیرۆرستێک خۆی لەناو بیناکە تەقاندۆتەوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە سوتێنراوە، چونکە ھیچ ئاسەواری خۆتەقاندنەوەی تێدا نییە .

ناوبراو سەبارەت بەھاتنی ھێزی دژە تیرۆر رایگەیاند: ھێزی دژە تیرۆر تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی و گەورەکردنی رووداوەکە ھاتنە ناو شاری کەرکووک و ئێمە رەخنەمان لە پارێزگاری کەرکووک ھەیە کە نەدەکرا رێگە بەو ھێزە بدات، بێنە کەرکووک، چونکە ھێزەکانی کەرکووک دەیتوانی رووداوەکە کۆنترۆل بکەن و من خۆشم قسەم لە گەڵ پارێزگار کرد کە ئامادەییمان تێدا ھەیە ئەو شوێنەش کۆنترۆل بکەین، بەڵام سێجار فەرمان بە ھێزەکانی ئێمە کرا لە لایەن بەرێوەبەری پۆلیس بکشێنەوە و چاوەڕوانیان کرد کە ھێزی دژە تیرۆر لە سلێمانییەوە بێتە کەرکووک، بەڵام کە ئەو ھێزە ھات بۆ ماوەی پێنج تا شەش کاتژمێر نەیانتوانی ھیچ بکەن تاوەکو بینای جەواھیری مۆڵ گڕی گرت .

 

هەواڵی پەیوەندیدار