غالیب ئینساری ئۆغڵو: ئەو شوێنەی كورد تێیدا نیشتەجێیە ناوی كوردستانە

دیاربەكر- KDP.info/ پاڵێوراوی پارتی داد و گەشە پێدان بۆ پۆستی سەرۆك شارەوانی دیاربەكر غالیب ئینساریئۆغڵو رایگەیاند كە نابێ هیچ كەس و لایەنێك لە وشەی كوردستان و بەكار هێنانی ئەو وشەیە بترسێت.
لەمبارەیەوە كەناڵی سی ئین ئینی توركی بڵاویكردەوە كە پاڵێوراوی ئاكەپە بۆ پۆستی سەرۆك شارەوانی دیاربەكر غالیب ئینساریئۆغڵو ئاماژەی بەوە كردووە كە كورد لە توركیا، عێراق، سوریا و ئێراندا دەژین و ئەو شوێنانەیش كە كورد تێیایاندا دەژی ناوی كوردستانە و نابێ كەس ترسی لە وشەی كوردستان هەبێت.
غالیب ئینساری ئۆغڵو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەوان تا ئێستە وشەی كوردستانی توركیایان بەكار نەهێناوە، بەڵام پێویستە هەموو كەس بزانێت كە ئەو شوێنانەی كە كورد تێیدا دەژین ناویان كوردستانە و لە كاتی خۆیشدا مستەفا كەمال ئاتاتورك بۆ ناوچەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ تەنیا ناوی كوردستانی بەكارهێناوە.




