٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 2743كەس بە تۆمەتی جیاجیا لە هەولێر و دەوروبەری قۆڵبەست كراون

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر -  KDP.info/ بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 2743كەسیان بە تۆمەتی جیاجیا لە هەولێر و دەوروبەری قۆڵبەست كردووە. بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر ڕائید سەران لەتیف نەجم، ئاشكرای كرد: كە لە شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر توانیویانە 2743كەس بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیر بكەن و ڕادەستی شوێنی پەیوەندیداریان بكەن. ڕائید سەران لە لێدوانێکی بۆ KDP.info هەروەها ئەوەشی  روونكردەوە: كە هێزەكانیان لە ماوەی ڕابردوودا چەندین كێشەیان كۆنتڕۆڵ كردووە كە لە لایەن هاووڵاتیانەوە ڕوویان داوە وەك كۆنتڕۆڵكردنی كێشەی خێزانی و دەستبەسەرداگرتنی چەندین چەك كە لە كێشەكاندا بەكار هێنراون. بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو كە پۆلیسی فریاكەوتن لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا وێڕای ئەوەی چەندین كەسیان دەستگیر كردووە كە لە لایەن دادگاكانەوە داوا كراون، هاوكات دەستیان بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێكیشدا گرتووە كە سەرپێچیی یاساییان ئەنجام داوە و لە لایەن فەرمانگەكانی میرییەوە داوا كراون. سەران لەتیف هەروەها ئاماژەی دا كە هێزەكانیان جگە لە ڕاپەڕاندنی ئەركی سەرشانیان، بەشداری لە هەڵمەتی خوێنبەخشیندا دەكەن و كۆمەكی ئەو هاووڵاتیانەش دەكەن كە نەخۆشن و بۆ نەخۆشخانەكان دەیانگوازنەوە، ئەمە جگە لەوەی كە لەو شەش مانگەدا چەندین منداڵیان دۆزیوەتەوە و ڕادەستی خاوەنەكانیان كردوون.

هەواڵی پەیوەندیدار