سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی ئیدانەی پاکتاوکردنی موسوڵمان لە وڵاتی میانمار دەکات

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا بە توندی ئیدانەی هەڵمەتی پاکتاوکردنی پێکهاتەی موسوڵمان لە وڵاتی میانمار دەکات
ئەمە دەقەکەیەتی:
بە داخ و ئەسەفێکی زۆرەوە ماوەیەکە ئەو هەواڵە جەرگبڕە دەبیستین و رۆژانەش ئەو دیمەنە دڵتەزێنانە دەبینین کە لە ئامراز و کەناڵەکانی راگەیاندنی جیهانی بڵاو دەکرێنەوە سەبارەت بەو هەڵمەتە وەحشیگەر و هەڕەمەکییانەی لەلایەن بەشێک لە دانیشتوانی وڵاتی میانمار گیراوەتە بەر بۆ لە ناوبردن و پاکتاوکردنی پێکهاتەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە کە موسوڵمانن و رۆژانە بە دڕندانەترین شێوە قەڵاچۆ دەکرێن و مافی ژیانیان پێ رەوا نابینرێ.
ئەگەر چی ئەو مەرگەساتەی ئەمڕۆ روودەدات لە یەکێک لە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیایە کە بە هەزاران میل لە وڵاتی ئێمەوە دوورە، بەڵام ئەو دیمەنانە بۆ ئێمەی گەلی کوردستان زۆر بە ئازارە، چونکە ئێمە دەیان ساڵ مەینەتییەکانی رەگەزپەرستیی و جینۆسایدمان چەشتووە.
ئەو دیمەنانەی ئەمڕۆ لە میانمار روو دەدەن هەموو کاتێک ئەگەری دووبارەبوونەوەیان هەیە بەرامبەر پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی دیکەی جیاواز و لە کات و ساتی جیاواز و لە کۆمەڵگەی دیکەی جیاوازدا، بۆیە تێکڕای میللەتانی سەرگۆی زەوی بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بیروباوەڕیانەوە لە بەها و کەرامەت و مافی ژیانێکی ئازاد و ئابڕوومەندانە هاوبەشن و پێویستە هەمووان دروشمی پێکەوەژیان و لێبوردەیی بەرز رابگرن و شەڕانگێزیی و رقلێبوونەوە وەلابنێن.
ئێمە ئەو هەڵمەتە دڕندانەیە زۆر بە توندی ئیدانە و مەحکووم دەکەین و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن و دەستوبرد بکەن لە پێناو پاراستنی پێکهاتەی موسوڵمان لە وڵاتی میانمار و کۆتایی هێنان بەو هەڵمەتەی لە بەرامبەریاندا پەیڕەو دەکرێ بە مەبەستی لە ناوبردنیان.




