رفاندنی 50 هاووڵاتی كورد لە لایەن بەرەی دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێراقەوە

كۆبانێ- KDP.info/ لە چوارچێوەی هێرشەكانی گروپە چەكدارە توندڕەوەكان بە تایبەتی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام بۆ سەر گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، رۆژی چوارشەممە ئەو رێكخراوە هێرشی كردە سەر گوندی منبێج و چەندین گوندی دیكەی ناوچەی كۆبانێ و زیاتر لە 50 هاووڵاتی مەدەنی كوردیان رفاندووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی یۆكسەكئۆڤا خەبەر بڵاویكردەوە كە رۆژی چوارشەممە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێراق و چەندین گروپی دیكەی چەكداری پێكەوە هێرشیان كردووەتە سەر چەند گوندێكی ناوچەی كۆبانێ و زیاتر لە 50 هاووڵاتی مەدەنی كورد كە زۆربەیان ژن و منداڵن رفاندووە.
بە پێی زانیارییەكان رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام پێش ئەنجامدانی ئەو هێرشە رێگای ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵ كردووە و لە كاتی كۆنترۆڵكردنی ئەو رێگایانەیشدا سەرەڕای بەتاڵان بردنی ماڵی خەڵك چەندین هاووڵاتی دیكەی كوردی رفاندووە.




