سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 4/12/2013 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماساتۆ تاکەواکا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ کرد.
لە میانی دیدارێکدا ماساتۆ تەکەواکا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق سوپاسی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازیکردن، و ئاماژەی بەوە كرد كە، وڵاتەکەی ئارامی و سەقامگیری رەوشی ئەمنی هەرێمی کوردستانی بەلاوە گرنگە و جێگەی ستایشکردنە.
لە بەشێکی دیدارەکەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق باسی لەوە کرد، كە لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە شەراکەتێکی بەهێزی ئابووری هەیە لە نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان و هیوای خواست ئەم شەراکەتە بێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا، چونکە ژاپۆن گرنگیەکی زۆر دەدات بە رەوشی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەم بنەمایەش دەیەوێ پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات.
باڵیۆزی یابان لە عێراق مەبەستی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە هاتوون هاوکاری و کۆمەک ببەخشن بە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و هاوکات سوپاسی هەرێمی کوردستانی لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان کرد و گوتی: "ئێوە ئەرکێکی قورستان جێبەجێکردووە بەرامبەر بەم ئاوارانە و ئێمەیش دەمانەوێ هاوکاریتان بکەین".
بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆزی یابان لە عێراق، جەختی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن کردەوە و ڕۆڵی وڵاتی ژاپۆنی لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی بە گرنگ وەسف كرد.




