سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی کوەیت لە عێراق کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 4/12/2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە غسان یوسف عەبدولباری الزواوی باڵیۆزی نوێی کوەیت لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا باڵیوازی نوێی کوەیت لە عێراق غسان عەبدولباری سڵاوی ئەمیری کوەیتی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هیوادارە ئەم سەردان و پەیوەندییانە بەردەوام بێت، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بەرامبەر پێشکەوتن و دۆخی ئارامی و سەقامگیری و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان. لەبەشێکی دیدارەکەدا غسان عەبدولباری ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بەڕێزەوە سەیری رۆڵی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە دەکات و جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئێستا هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی هیوایەکە بۆ هەموو عێراق.
باڵیۆزی کوەیت لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەکرد، دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان پەرەپێبدەین و لەم روانگەیشەوە هەوڵدەدەین بە زووترین کات کونسوڵگەری کوەیت لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە و ببێتە کەناڵێکی پتەوی پەیوەندییەکانمان.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆزی نوێی کوەیت لە عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتی کوەیت پێگەیەکی گرنگی لای کورد هەیە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا نیشان دا.




