کەرکووک ..هێزە ئەمنییەكان توانیویانە 90%ی بارەگاكە ی دەزگای هەواڵگری كۆنترۆڵ بكەنەوە

کەرکووک - KDP.info/ دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە بەردەم بارەگای دەزگای هەواڵگریی عێراق لە شاری كەركووك تەقییەوە، دواتریش ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر بارەگاكەو كۆنترۆڵیان كردووە. بەپێی ئەو زانیارییەکانی گەیشتوو بە KDP.info: چەكدارەكان چەند قەناسێكیان لەسەر باڵەخانەكانی ئەو ناوچەیە داناوەو لەوێوە تاوەكو ئێستا چهند كەسێكیان لە هێزە ئەمنییەكان كوشتووە. لای خۆشییەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان راگەیاند: پێشمەرگەی كوردستان هێزی لەناو شاری كەركووك نییە، دابینكردنی ئاسایشی نێو شاری كەركووك بەدەستی دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیسی ئەو شارەیە، لەرووداوێكی لەمشێوەیەدا دەتوانن خۆیان كۆنتڕۆڵی بكەن. ئەمینداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان گوتیشی: ئەگەر رووداوێكی مەترسیدار بێ بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان لە كەركووك، ئەوكاتە خۆمان وەك هەر هاووڵاتییەكی كوردستان بەرگری دەكەین. پێشتریش عەمید سەرحەد بەرێوەبدەری پۆلیس قەزاو ناحییەکانی کەرکووک رایگەیاندبوو، كە هێزە ئەمنییەكان توانیویانە 90%ی بارەگاكە كۆنترۆڵ بكەنەوە. ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغداوە هەلیكۆپتەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەكدارانەو كۆتاییهێنان بە شەڕەكە رەوانەی كەركووك بكات.




