توركیا و یەكێتی ئەوروپا لە سەر لابردنی ڤیزەی نێوانیان رێك دەكەون

ئەنقەرە-KDP.info/ وەزیری كاروباری یەكێتی ئەوروپای حكوومەتی توركیا ئەگەمەن باغێش رایگەیاند ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەگەڵ هاوپیشە ئەوروپاییەكانی خۆی لە بروكسەل كۆ دەبێتەوە و لە سەر دەستنیشانكردنی مێژووی نەمانی ڤیزە لە نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپادا رێك دەكەون.
ئەگەمەن باغێش لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەیەكدا رایگەیاند لە بواری تكنۆلۆژیكیدا توركیا نە بە هەنگاوی خێرا بەڵكۆ بە خێرایی تیشك بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێ و توركیای ئەمڕۆ ئەو توركیا نییە كە قوتابییەكانی كێشەی تەختەیان لە قوتابخانەدا هەبێ بەڵكو وڵاتێكە 16 ملیۆن قوتابی خاوەن ئایپادن.
باغێش لە بارەی گفتوگۆكانی پرسی ڤیزە لە نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپادا ئاماژەی بەوە كرد كە بۆ لابردنی ڤیزە لە نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپادا هەوڵێكی زۆر دراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ لابردنی ڤیزە لەگەڵ هاوپیشە ئەوروپاییەكانیدا لە بروكسەل كۆ دەبێتەوە و لە سەر مێژوویەك بۆ لابردنی ڤیزە رێك دەكەون.
زیاتی گوتی هیوادارم تا سێ ساڵی داهاتوو ڤیزە لە نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپادا نەمێنێ و 76 ملیۆن خەڵكی توركیای بە ئاسانی بتوانێ سەردانی ئەوروپا بكا.




