شەلال گەدۆ: بۆ کورد باشترە بەیەک شاند بەشداری لەکۆنگرەی جنێف دوو بکات

رۆژئاوای کوردستان-تایبەت بەKDP.info/ نوێنەری حزبی چەپی کوردی لەسوریا دەڵێت، بۆ کورد باشترە بەیەک شاندی سەربەخۆ بەشداری لەکۆنگرەی جنێف دوو بکات، بەپێچەوانەوە زەرەر دەکات.
شەلال گەدۆ نوێنەری حزبی چەپی کوردی لەسوریا بەkdp.infoراگەیاند: ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد بە شاندێکی سەربەخۆی بەشداری لەکۆنگرەی جنێف دوو دەکات ، ئەگەر وڵاتانی وەکو روسیا و ئەمریکا رێگا بدەن، بەڵام ئەگەر داواکرا ئۆپۆزسیۆن بەشاندێک بەشدار بێت ئەوکات ئەنجوومەنی نیشتیمانیش لەچوارچێوەی ئۆپۆزسیۆن بەشداری لەو کۆنگرەیە دەکات.
شەلال گەدۆ گوتیشی: ئەگەر کورد بە زیاتر لەشاندێک بەشداری لەکۆنگرەی جنێف دوو بکات زەرەر دەکات و لەبەرژوەندی کورد دانییە و ناتوانن مافەکانی کورد بەدەست بێنن.
گەدۆ رونیشیکردەوە، پێویستە ھەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوا کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن و بەیەک شاند بەشداری لەو کۆنگرەیە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن مافەکانی کورد بەدەست بێنن.
بڕیارە لەکانونی دووەمی ساڵی2014کۆنگرەی حنێف دوو تایبەت بەقەیرانی سوریا سازبکرێت.




