دهستهی دهستپاکی: دەبێت بهرپرسهکان سەروەت و سامانیان ئاشكرا بكەن
هەولێر – تایبەت بە KDP.info / دەستەی دەستاكی هەرێمی كوردستان لە یەكەمین كاریدا ژمارەیەك فۆرمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامان بەسەر زۆرینەی بەرپرسانی هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و پەرلەمان و جێبەجێكار دەكات، دابەش دەكات ئەمەش دوای ئەوەی رێنمایی تایبەت لەمبارەیەوە لە رۆژنامەی فەرمی كوردستان بڵاودەكرێتەوە و سەرۆكی دەستەكەش دەڵێت ئەمە تەنیا رێوشوێنێكی خۆپارێزییە.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ kdp.info گوتی: بابەتی دابەشكردنی فۆرمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامانی پەیوەستە بە پەیڕەوكردنی یاسای دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕگەیە ئێمە هەڵساین بە دەركردنی رێنماییەك كە دوای ئەوەی پێداچوونەوەی بۆكرا لەلایەن ئەنجوومەنی شوراوە لە چەند رۆژی داهاتوو لە رۆژنامەی وەقائقی كوردستان بڵاودەبێتەوە و فۆرمێكیش لەسەر بنەمای یاساكە ئامادەكراوە و هەموو ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لە یاساكەدا ئاماژەی بۆكراوە وەكو سەرۆكی سێ دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستان واتا دەسەڵاتی یاسادانان و پەرلەمان و جێبەجێكار و لەوچوارچێوەیەدا ئەندامانی پەرلەمان و وەزیر و بریكارەكانی حكوومەت و پارێزگار و بەڕێوەبەری ناحیە و قائیمەقامەكان و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دادوەر و ئەفسەرانی ناوەخۆ و پێشمەرگە و چەندین كەسایەتی تر دەگرێتەوە.
ناوبراو گوتیشی : لە رۆژانی ئایندە نووسراوی فەرمی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەن و دامودەزگایانە دەكەین بۆ ئەوەی ناوی سەرجەم ئەو كەسانەمان بۆ بنێرن كە فۆرمەكە دەیانگرێتەوە و پڕكردنەوەی فۆرم لە لایەن ئەو كەسایەتیانەوە واتای ئەوە نییە كە گومانیان لێدەكرێت، بەڵكو تەنیا رێوشوێنێكی خۆپارێزی و یاساییە و دواتریش وردبینی بۆ سەرجەم یاخود بەشێكی فۆرمەكان دەكرێت و دواتریش دابەشكردنی فۆرمەكان بەردەوامی دەبێت.




