یەکێتی زانایان: سەردانیکردنی ھاووڵاتیان بۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران ئەرکێکی ئاینیە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان دەڵێت:سەردانی کردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت لەناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ھەرێم بۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان ئەرکێکی ئاینییە.
مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: سەردانی ھاووڵاتیان کوردستان تایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی بۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانین بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەرکێکی ئاینییە، چونکە ئیسلام مافی بە ھەموو تاکێک داوە رای خۆ دەربڕێت، کە دەنگدانیش یەکێکە لەو مافانە.
مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید گوتیشی: سەردانیکردنی ھاووڵاتیان بۆ ئەو بنکانە تەنیا نوێکردنەوەی ناوەکان نییە، بەڵکو ماف دانە بە ھەر تاکێک بەشداری لە ھەڵبژاردن بکات و ئەو کەسەی تۆ دەتەوێت بە نوێنەری خۆتی ھەڵبژێری بۆ پەرلەمانی عێراق، بەمەش رێژەی کورد زیاد دەکات لەو پەرلەمانە، ئەمەش گرنگە لە کاتی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسا و پرسە گرنگەکان.
مەلا سەعید رونیشیکردهوە، مافی سروشتی ھەموو تاکێکە کە ئاینی ئیسلام پێی بەخشیوە کە مافی دەنگدانە و مافی دەربڕینی رای خۆیەتی کە نوێنەرێک دەستنیشان بکات، بۆ بەرێوهبردنی کاروباری وڵات، بەڵام ئەم تاکە کە ناچێت ناوی خۆی نوێ بکاتەوە لە بنکەکانی تۆماری دەنگدەران دەبێتە ھۆکارێک کە زولم و ستەم لە خۆی بکات، له بەر ههر ھۆیەک مرۆڤ ستەم لە خۆی بکات پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی ئاینی ئیسلامییە، بۆیە ئێمە وەکو یەکێتی زانایان داوا لە خەڵکی کوردستان دهکەین سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بکەن، بۆ نوێکردنەوەی ناوەکانیان بۆ ئەوەی لە دەنگدان بێبەش نەبن .
ئەمەش لەکاتێک دایە بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممە دواین وادەیە بۆ سەردانیکردنی ھاووڵاتیان بۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەران بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 30/4/2014بەرێوەبچێت.




