٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی 11ـی 2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی و حكوومەتی ڕووسیای فیدڕاڵ كرد كە پێكهاتبوون لە ئەلەكساندر دیۆكۆڤ بەڕێوەبەری كارگێڕیی كۆمپانیای گازپڕۆم و یووری سێنتۆرین جێگری وەزیری وزەی ڕووسیای فیدڕاڵ و ڤالێریەن شوڤایۆڤ جێگری بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیای وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا و ژمارەیەك كاربەدەستی حكوومی و بەڕێوەبەرانی كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیا.

لە دیدارێكدا سەرەتا ئەلەكساندر دیۆكۆڤ سەرۆكی شاندەكە سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و ئەو پێشوازییە گەرمەی كە لێیانكراوە و هەروەها سەرسامیی خۆیشی نیشاندا بە جوانیی سرووشتی كوردستان و ئەو بووژانەوەیەی لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە كایەوە كە لەسەرەوەی هەموو چاوەڕوانییەكانە و نیشانەیە بۆ ئەوەی كە پڕۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە سەركەوتوو بووە و هەرێمی كوردستان لە قۆناغی ژیانێكی چالاكدایە و ئەوەیان بۆ دەردەخات كە لە هەرێمی كوردستاندا ستراتیژی و بەرنامەیەكی ڕێكخستوو و ئامانجدار هەیە.

شاندی میوان ئەوەشی بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە كە كۆمپانیا ڕووسیاییەكان ئارزوویەكی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و گازپڕۆمیش نموونەی  ئەو كۆمپانیایانەیە كە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاوەن پێگە و متمانەیەكی گەورەیە و پشتیوانیی حكوومەتی ڕووسیاشی لەپشتە. هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان ئاماژەی بەوەدا كە كاروباری كۆمپانیا ڕووسییەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن و سوپاسی دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیكرد و ئەوەشیان باس كرد كە لەتەك چالاكییە ئابوورییەكانی بواری نەوت و وزە ئەوان ئامادەن لە بوارەكانی دیكەیشدا سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستاندا بكەن، چونكە هەرێمی كوردستان لەنەخشەی جیهاندا ناوچەی وزە و ناوچەی هێزە و، ڕووسیا حەز دەكات بەشدار بێت لە بەرەوپێشەچوونی ژیان و ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورتەیەكی لە مێژوو و بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان باس كرد و لەبارەی پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان گوتی: " لەدوای ساڵی 1991 قەبارەی ئەو وێرانییەی لەسەر دەستی بەعس لە وڵاتی ئێمەدا كرابوو زۆر گەورەبوو و زیانی گەورەی ماددی و مەعنەویی و مرۆڤی بەر خەڵكی ئێمە كەوتبوو و دەبوایە ئاوەدانی بكەینەوە، هەرچەند ئاوەدانكردنەوە كارێكی قورس بوو بەڵام بە ئیرادە و پاڵپشتیی خەڵك توانیمان وڵاتی خۆمان بگەینینە ئەو ڕۆژەی كە بووەتە ناوچەی هێز و وزە لە جیهاندا". لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی پێشوازی لە گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەنگاوەكانی كۆمپانیای گازپڕۆم لە كاركردنی لە هەرێمی كوردستاندا.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەردوولایش سەرۆك بارزانی هێمای بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی ڕووسیا و كوردستان چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی كولتووری دا و هەروەها ڕۆڵی زانا بەناوبانگەكانی ڕووسیایشی لە لێكۆڵینەوە لەسەر مێژووی گەلی كورد و ناساندنی بە جیهانیان بەرز نرخاند.

هەر لەو دانیشتنەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی جگە لە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری پێویستە پەیوەندییە فەرهەنگی و زانستی و هونەرییەكانی ڕووسیا و هەرێمی كوردستان گەشەیان پێ بدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار